کەرکوک.. لە دوو ڕوداوی ئاگر کەوتنەوەدا 87 دۆنم زەوی کشتوکاڵی سوتان

18/05/2021
فۆتۆ: 

سەرباری ئەوەی جوتیارانی پارێزگای کەرکوک لە ترسی روداوی ئاگر کەوتنەوە، دوو هەفتە پێش وادەی دیاریکراوی دروێنەکردنی بەرهەمەکانیان، بەڵام لە دوو ڕوداوی جیادا ٨٧ دۆنم زەوی کشتوکاڵی سوتاون.

قەیس عەبدولڕەزاق وتەبێژی بەرگری شارستانی کەرکوک بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، ڕوداوی یەکەم لە سنوری ناحیەی پردێ بووە، کاتێک بەهۆکاری نادیار لە گوندی شانشین ئاگر لە (23) دونم زەوی کشتوکاڵی کەوتەوە وبەتەواوەتی سوتا، بەڵام  توانیوویانە ١٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی دیکەی چێنراو بە گەنم لەسوتان ڕزگار بکەن.

وتەبێژی بەرگری شارستانی کەرکوک ئاماژەی بەوەکرد، ڕوداوی دووەم لە گوندی (تەللوەرد)ی سەر بەناحیەی مولتەقا بووە لەباشوری کەرکوک ،کاتێک (64) دۆنم زەوی دانەوێڵە بەئاگر سوتاون کە هۆکارەکەی نادیارە و لەگەڵ گەیشتنی تیمەکانیان توانیان زیانەکان کەمتر بکەنەوە لەوسنورە (500) دۆنم زەوی چێنراو بەگەنم لەسوتان ڕزگار بکەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لەماوەیەکی پێشوانەیدا تیمەکانمان ئاگرەکانیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەبێ ئەوەی ڕوداوەکان هیچ زیانێکی گیانی بەدوای خۆیدا بهێنێت .

ئەوەش لە کاتێکدایە ساڵانە هەندێک بە دەستی ئەنقەست یاخود بە روداوی نادیار، ئاگر لە دەیان دۆنم زەوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە و زیانێکی گەورە بە جوتیاران و زەویییە کشتوکاڵییەکان دەگەیەنێت.