سێ ئەندامی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژران

24/06/2020
ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
ورمێ

لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزێکی سەر بە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سوپای پاسدارانی ئێران، سێ ئەندامی سوپای پاسداران کوژران.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی٦ی٢٠٢٠، لە نزیک گوندی کورانە-ی سەربە ناوچەی سۆما و برادۆستی پارێزگای ورمێ، شەڕ و پێکدادان لە نێوان ‌هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و یەکێک لە حزبە کوردستانیەکانی نەیاری حکومەتی ئێران روویداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئەو شەڕە لانیکەم سێ ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژراون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوابەدوای ئەو هێرشە، گوندی کوران لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە گەمارۆ دراوە و لە ئیستاشدا هێزی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێت .

تا ئێستا هیچیەک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان لەئەستۆ نەگرتووە و میدیاکانی حکومەتی ئێرانیش زانیارییان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.