کازمی لەسەر دەستگیرکردنی قاسم موسڵح سەرکردەی حەشدی شەعبی بێدەنگی شکاند

26/05/2021
فۆتۆ: 

مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەی ئەمڕۆ دەستگیر کراوە بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بووە و بەگوێرەی مادەی ٤ی تیرۆر دەستبەسەرە، بێ ئەوەی ئاماژە بکات، بە ناوی (قاسم موسلح) فەرماندەکەی حەشدی شەعبی.

لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنی عێراق بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، یاداشتێکی دەستگیرکردنی دادگای جێبەجێکردووە، بەرامبەر بە یەکێک لە تۆمەتبارەکان بە گوێرەی مادەی ٤ی تیرۆر، لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایانەی کە لەسەر تۆمار کراوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و هەواڵگری ناوخۆ و دەزگای هەواڵگری سەربازیی و ئاسایشی نیشتیمانی و ئاسایشی حەشدی شەعبی، بۆ لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ئەو کەس کراوە، لە ئێستاشدا لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ئەو کەسە دەستبەسەرە تا لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دیاردە چەکداریانەی کە لەلایەن گروپە چەکدارەکان روودەدەن، پێشێلکردنێکی مەترسیداری دەستوری عێراق و یاسا کارپێکراوەکانە، بۆیە فەرمان کراوە بە لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەو جموجوڵانە بەگوێرەی یاسا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئاسایشی وڵات و رێگەنەدان بەئەوەی ئاسایشی گەل سەرەڕۆیی پێوە بکرێت لەک قۆناغە مێژووییەدا، پێویستە لەسەر حکومەت و هیزە ئەمنی و سەربازییەکان و هێز و لایەنە سیاسییەکان، بەرژەوەندی نیشتمان بخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار بنەمان لەسەر یاداشتنی دەستگیرکردن بە گوێرەی مادەی ٤ی تیرۆر کە لە ڕۆژی ٢١/٥/٢٠٢١ دەرچووە، تۆمەتبار قاسم مەحمود کەریم موسڵحیان دەستگیر کردووە، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لەلایەن لیژنەیەکی لیکۆڵینەوەی هاوبەش، سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵی بەگوێرەی ڕێوشوێنە یاساییەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای دەستگیرکردنی قاسم موسڵح  فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای ئەنباری حەشدی شەعبی، دۆخی ناوچەی سەوزی بەغدا ئاڵۆزبووە و حەشدی شەعبی هێزەکانی خۆی لە ناوچەی سەوزی بەغدا بڵاوەپێکردووە و لە بەرامبەریشدا هیزە ئەمنییەکانی دیکە بەرامبەریان هاتوونەتە سەر شەقام  و دەروازە سەرەکییەکانی ناوچەی سەوز دەپارێزن.