ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک دەنگیدا بە عەلی تەتەر وەک پارێزگاری نوێ

25/06/2020
فۆتۆ: مازن شنگالی
دهۆک

بە تێكڕای دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، عەلی تەتەر وەك پارێزگاری نوێی دیاریكراو بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا سوێندی یاسایی بخوات و وەک پارێزگاری نوێ دەستبەکاربێت.

بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بۆ دەنگدان بە پارێزگاری نوێی كۆبوویەوە و لە كۆی 28 ئەندامی ئەنجوومەنەكە تەنها یەك ئەندام ئامادەی كۆبونەوەكە نەبوو.

لە کۆبوونەوەکەدا 27 ئەندامی ئامادەبوو دەنگیاندا بۆ دیاریكردنی عەلی تەتەر وەك پارێزگاری نوێی دهۆک.

دوای وەرگرتنی متمانە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆكەوە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا عەلی تەتەر لەبەردەم سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا سوێندی یاسایی بخوات، ئەوکات وەک پارێزگاری نوێ دەستبەکاردەبێت.

عەلی تەتەر كێیە؟

- ساڵی 1968 لە دەڤەری نێروەی سەر بە قەزای ئامێدی لە دایكبووە.

- ساڵی 1975 ئاوارەی ئێران بووە.

- ساڵی 1979 بووەتە ئەندامی یەكێتی قوتابیانی كوردستان.

- ساڵی 2002 بووەتە كارگێری لقی یەكی پارتی.

ـ ساڵی 2011 تاوەكو 2017 بەرپرسی لقی 10ی پارتی بووە.

- لە ساڵی 2017ەوە تائێستا بەرپرسی لقی هەشتی پارتییە لە زاخۆ.

ـ ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە.

- دكتۆرای لە مێژوودا هەیە.

- پرۆفیسۆری یاریدەدەربووە لە بەشی مێژووی زانكۆی دهۆك.

- ساڵی 2018 پلەی پرۆفیسۆری پێدراوە.

- خاوەنی نۆ پەرتووكە لە بواری سیاسی و مێژوویی.