ئەو هۆکارانە کامانەن دەبنە هۆی شکستى مرۆڤ ؟

28/05/2021
فۆتۆ: 

هەمیشە مرۆڤ دەیەوێت بەردەوام لە ژیانی ڕۆژانەیدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام چەند هۆکارێک ڕێگردەبێت لە گەشتن بە ئامانجەکان وەک بەردەوام گۆڕینی ئامانجەکان و کارنەکردن لەسەر ئامانجێكی دیاریکراو .

پێگەی برایتساید چەند هۆکارێکی خستووتەڕوو کە وادەکەن کەسێک سەرکەوتوو نەبێت، لەوانە بیرکردنەوە لە خەونێک کە ئەگەری بەدیهاتنی کەمە یاخود بەردەوام بیر لە ڕووداوێک دەکەنەوە کە ڕوودانی ئەستەمە. هەندێک کەس بەردەوام بیر لە خەونێک دەکەنەوە بەڵام هەوڵی گەشتن بەو خەونە نادەن و بەردەوام چاوەڕێی کەسێکن خەونەکانیان بۆ بەدیبهێنێت .

زۆرجار بەهۆی کاریگەری تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرکەوتن دوادەکەوێت چونکە کەسانێک تەواو پەیوەستی بوون و لەبیریانکردووە پلانی سەرەکی ژیانیان چییە، بەهۆی تەکنەلۆژیاوە بەردەوام کارەکانیان بە ناتەواوی دەمێنێتەوە و بەمەش سەرکەوتن بەدەستناهێنن .

هەندێک لەو کەسانەی لە سەرکەوتن دوادەکەون جێگیرنەبوونیانە لەسەر یەک پلان و بەردەوام بیرۆکەی تازەیان هەیە و جێبەجێی ناکەن .

یەکێک لە نهێنییەکانی سەرکەوتن بوونی پشتگیرییە، لەکاتی نەبوونی پشتگیریدا کەسەکە دووچاری بیرۆکەی نەرێنی دەبێتەوە کە پێی وایە هەرگیز سەرکەوتوو نابێت و واز لە ئامانجەکەی دەهێنێت .

کەسی سەرکەوتوو شکستەکانی ناخاتە ئەستۆی کەسانی دیکە، هەرکات پێتوابوو شکستەکانت بەهۆی کەسێکی دیکەوەیە ئەوا لە ئامانجەکەت دوور دەکەویتەوە .