بۆچی گرنگە منداڵ بنێردرێتە باخچەى ساوایان ؟

29/05/2021
فۆتۆ: 

ناردنی منداڵ هەر لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە بۆ باخچەى ساوایان چەندین سودی بۆ منداڵ هەیە لەڕووی کەسایەتی داهاتووی و بنکەی زانیارییەکانی و ئامادەکردنی بۆ قوتابخانە.

زانایانی بواری پەروەردە چەند سوودێکی ڕۆشتنی منداڵ بۆ باخچەی ساوایان  دەخەنەڕوو.

-باخچەی ساوایان منداڵ ئامادە دەکات بۆ قوتابخانە، بە گشتی ئەو منداڵانەی دەچنە باخچەی ساوایان کاتێک دەچنە قوتابخانە زۆر زووتر فێری نوسین و خوێندنەوە و پرۆگرامەکانی کۆمپیوتەر دەبن .

-ئەو منداڵانەی دەچنە باخچەی ساوایان زۆرتر کۆمەڵایەتین و توانای گفتوگۆیان باشترە .

-بە گوێرەی توێژینەوەیەک لە باکووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو منداڵانەی دەچنە باخچەی ساوایان زیاتر خولیای بەدەستهێنانی نمرەی بەرزییان هەیە و دەیانەوێت بەردەوام سەرکەوتن بەدەست بهێنن .

-منداڵ لە باخچەی ساوایان فێردەبێت خواردنی تەندروست بخوات بە گوێرەی ڕێنماییەکانی مامۆستاکان و هەروەها ئەو ژەمە تەندروستەی لە ماڵەوە بۆی ئامادە دەکرێت .

-منداڵ لە باخچەی ساوایان فێردەبێت پشت بە خۆی ببەستێت و زیاتر فێری چالاکی جۆراوجۆر ببێت .