وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بۆ ژیان: کەرووی رەش مەترسیدارە بەڵام لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە ناگوازرێتەوە

03/06/2021
فۆتۆ: 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، کەڕووی رەش نەخۆشییەکی مەترسیدارە بەڵام لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە ناگوازرێتەوە و تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی فەرمی توشبوون بە کەرووی رەش تۆمار نەکراوە، دەشڵێت، "توشبوون بە کۆرۆنا لەهەرێم لەهەڵکشاندا نییە و وەک جاران مەترسیی نییە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان باسی لەوەکرد، کەڕووی ڕەش نەخۆشییەکی مەترسیدارە بەڵام لەکەسێكەوە بۆ کەسێکی دیکە ناگوازرێتەوە، هەرچەندە ساڵانی پێشتر حاڵەتی توشبوون بە کەڕووی ڕەش تۆمار کراوە بەڵام لە ئێستادا هیچ حاڵەتێی فەرمی توشبوون بە کەڕووی ڕەش لەهەرێم تۆمار نەکراوە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کەسانەی کە بەرگری جەستەیان لاوازە، نەخۆشی شەکرەیان هەیە و ئەوانەشی کە بەهۆی کۆرۆناوە بەرگری جەستەیان لاواز بووە، زیاتر ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشی کەڕووی ڕەش هەیە.

لەبارەی بارودۆخی ڤایرۆسی کۆرۆناشەوە لەهەرێمی کوردستان، ئاسۆ حەوێزی ئەوەی خستەڕوو، هەرچەندە ئامارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە هەڵکشاندا نییە، بەڵام هێشتا جێگای مەترسییە و پێویستە هاوڵاتیان پابەندی رێکارییە تەندروستییەکان بن.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم باسی لەوەشکردووە، تا ئێستا لەهەرێم ١١٠ هەزار ژەمە ڤاکسین بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکراوە و ١٧٥ هەزار کەسیش ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە تۆمارکردووە.

هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ ٥٠٠ هەزار ژەمەڤاکسینی "سینۆفارم" بگاتە عێراق و ئاسۆ حەوێزیش دەڵێت، لەو بڕە ڤاکسینە بەشی هەرێمی کوردستانی تێدایە.