ڕاپۆرتێکی ئەمریکا: هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە عێراق واشنتۆنی دوودڵ کردووە

05/06/2021
فۆتۆ: 

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوودڵی خۆی نیشانداوە، سەبارەت بە زیادبوونی ئاستی هێرشەکان بۆ سەر بنەکانی لە ناوخۆیی عێراق، لەڕێگەی فرۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری چەند لێپرسراوێکی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارەکانی دژی واشنتۆن لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، ٣ هێرشیان بە فڕۆکەی بیفڕۆکەوان بە شەو، کردووەتە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی کە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی تایبەت.

ئەو لێپرسراوانە ئاماژەیان بەوەکردووە، هێرشی یەکەمیان لە دوای نیوە شەوی ١٣ لەسەر ١٤ی مانگی ڕابردوودا کراوەتە سەر شوێنێکی تایبەت بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە ناو فرۆکەخانەی هەولێر.

پێشتر ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەسەر ئەو هێرشە بڵاویکردەوە، هەرچەندە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە، بەڵام دوودڵی بۆ کۆشکی سپی و پنتاگۆن دروستکردووە.

لە بەرەیای ٦ ی مانگی ئایاری ڕابرووشدا ، بە فڕۆکەی بێفرۆکەوان هێرشکراوەتە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، کە لە لایەن ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێت بۆ کارپێکردنی  فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری ئەمریکا لە دۆری (ئێم کیو ٩ ڕێبەر).

کاتی هێرشەکە واین ماروتۆ وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە، بەڵام زیانی گەیاندووە بە حەشارگەی فڕۆکەکان.

دوای سێ ڕۆژ لە ڕووداوی دووەم بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیکە هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی ناحیەی حەریر لە باکوری شاری هەولێر، کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێت.

ئەو هێرشەش بە هەمان شێوە زیانی گیانی بەدواوە نەبووە، بەڵام دوودڵی زیاتری بۆ لێپرسراوانی هاوپەیمانان دروستکردووە.

بە گوێرەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، کە وتەی سێ لێپرسراوی ئەمریکای وەرگرتووە و ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای هێرشەکان پشکنین بۆ پارچەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کراوە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە دروستکراوی ئێران و پشت بە تەکنەلۆژیای ئەو وڵاتە بەستراوە لە دروستکردنیاندا.

بە گوێرەی شیکردنەوەی لێپرسراوە ئەمرییکییەکان هەر یەکێک لەو فڕۆکە بیفرۆکەوانانەی کە هێرشەکانیان پێ ئەنجامدراوە، توانایان هەیە بڕی ٢٧ کیلۆ گرام تەقەمەنی لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو جۆرە فرۆکە بێفڕۆکەوانانە لە نزمییەکی زۆرەوە دەفڕن، ئەوەش ڕێگرە لەوەی سیستمی بەرگری دژە ئاسمانی ئاشکرایان بکات و بیانبینێت.