وتەبێژی کازمی: ئیدانەی هێرشەکەی سەر پێشمەرگە دەکەین

05/06/2021
فۆتۆ: 

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئیدانەی هێرشەکەی سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کرد. دەشڵیت، "بکەرەکان بە سزای خۆیان دەگەن".

ئەمڕۆ شەممە، یەحیا رەسوول وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشەکەی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە دەکات و وتیشی، "بکەرانی هێرشە ترسنۆکەکەی سەر پێشمەرگە بەسزای خۆیان دەگەن ."

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە و هەموو دەستدرێژیکارییەکیش بۆ سەر خوێنی عێراقییەکان و ئاسایشییان بە سزای شایستەی خۆی دەگات، دەشڵێت، "نابێت لە عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ".

ئەمەش دوای ئەوەدێت، ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەک چەکداری پەکەکە هێرشیان کردووەتە سەر هێزێکی پیشمەرگە لە چیای مەتین لە دەڤەری ئامێدی و بەوهۆیەشەوە زیاتر لە پێنج پێشمەرگە شەهید و حەوتی دیکەش برینداربوون .