ئەمڕۆ شاندی هەرێم دەگەرێتەوە بەغدا

07/06/2021
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا و هەموو ئەو پابەندییانەی کە بە گوێرەی یاسای بودجە دەکەوێتە سەری بە نووسراو رادەستی حکومەتی عێراقی دەکات و ئامادەیی خۆی پیشان دەدات بۆ جێبەجێکردنیان.

ئەمڕۆ دووشەممە، شاندی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا و هەموو ئەو پابەندییانەی کە بە گوێرەی یاسای بودجە دەکەوێتە سەری بە نووسراو رادەستی حکومەتی عێراقی دەکات و ئامادەیی خۆی پیشان دەدات بۆ جێبەجێکردنیان .

خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا بە تۆڕی هەواڵیی ژیانی راگەیاند، هەموو ئەو داواکارییانەی حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە هەیبووە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەندکراون، ئەمڕۆ بە نووسراوی فەرمی هەولێر پابەندبوونی خۆی بەو داواکارییانە رادەستی بەغدا دەکات، هاوکات هاوپێچی هەموو ئەو داتایانە دەدات بە حکومەتی عێراق کە پەیوەستن بە داهاتی نەوت و داهاتە نا نەوتییەکان. 

بەگوێرەی زانیارییەکان، وەفدەکەی هەرێم پێکهاتوون لەهەریەکە لە ئاوات شێخ جەنابت وەزیری دارایی و ئابووری، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و هەروەها تێمێکی تەکنیکی لەوەزارەتی داراریی. 

خالید شوانی دەشڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا لەگەڵ حکومەتی عێراق دەمانەوێت بزانین ئەو شایستە داراییەی کە بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت چەندە و چۆن دەنێردرێت.

هەفتەی رابردووش، شاندی هەرێم سەردانی بەغدای کرد و پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "لەداهاتوویەکی نزیکدا هیچ بەربەستێک لە نەناردنی بودجەی هەرێم نامێنێت".