پۆلیسی دهۆک باندێکی 4 کەسی ژنی دەستگیرکرد

07/06/2021
فۆتۆ: 

پۆلیسی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، باندێکی تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە پێکهاتوون لە چوار ژن و پیاوێک، کاریان وێنەگرتنی نەشیاوی خەڵک بووە لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی داوای پارەیان کردووە.

هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک گرتەی ڤیدیۆیی دانپێدانی باندێکی تۆمەتباری بڵاوکردووەتەوە، کە  پێکهاتوون لە چوار ژن و پیاوێک، کاریان تۆمارکردنی وێنەس ڕووت و نەشیاوی کەسەکان و دواتر لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی داوای پارەیان کردووە، بەو هۆیەشەوە پۆلیس هۆشداری داوەتە هاوڵاتیان کە ئاگاداری ئەو جۆۆرە باندانە بن.

وتەبێژی پۆلیسی دهۆک ڕایگەیاند، لە سنوری دهۆک ئەو باندە بە فێڵ هەستاون بە هێنانی پیاو بۆلای خۆیان و داکەندنی جلوبەرگەکانیان و دواتر وێنەگرتنیان و هەڕەشەکردن لێیان بکەن بە بڵاوکردنەوەی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی ئەو باندە ئەوە بووە، کە بە فێڵ و هەرەشەکردن پارە لەو کەسانە وەربگرن کە وێنەکانیان دەگرن، ئاشکراشیکرد، یەکێک لەو کەسانەی کە پارەیان لێوەرگرتووە سکاڵای تۆمارکردووە و بەو هۆیەشەوە کاری ئەو باندە ئاشکرا بووە.

وتەبێژی پۆلیسی دهۆک ڕوونیشیکردەوە، دوای تۆمارکردنی سکاڵای ئەو هاوڵاتییە، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان توانیویانە ئەو باندە دەستگیر بکەن، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا.