کاندیدێکی سەرۆکایەتی ئێران ئامادەیی دەبڕیوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بایدن

09/06/2021
فۆتۆ: 

عەبدولناسر هیمەتی یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئێران ڕایگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆبێتەوە، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا بیباتەوە.

عەبدولناسر هیمەتی، کە پێشتر پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران بووە جەختیکردەوە، گەڕانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەرزۆکەکەی ئێران شتێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی هەر پەیوەندییەک لە داهاتوودا، بە تایبەت لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاڵۆزی فراواندا تێپەڕ دەبێت.

هیمەتی وتی "تا ئێستا ئێمە هیچ شتێکی دڵنیاکەرەوەمان لە لایەن بەڕێز بایدنەوە نەبینیووە، پێویستە یەکەم جار بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی کە پاشەکشەیان لێکردووە، ، ئەگەر بیانەوێت متمانەی زیاتر بنیات بنێن".

 لە بەشیکی دیکەی وتەکانیدا ئەو کاندیدەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئیران جەختیکردەوە، ئەمریکییەکان ئاماژەی ئەرێنیان ناردووە، بەڵام وەک پێویست و بەهێز نین، چونکە ئەگەر ئاماژەی بەهێز هەبێت کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئاستی گەشبینی و رەشبینییان.

عەبدولناسر هیمەتی تەنی ٦٤ ساڵە و یەکێکە لەو حەوت کاندیدەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران ڕەزامەندیان نواندووە بەسەر بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەو وڵاتەدا کە بڕیارە لە ١٨ ی ئەم مانگەدا بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی ڕاپرسییەکان هیمەتی چانسی بردنەوەی زۆر نییە لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئێراندا، کە چاوەڕوان دەکرێت ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی چانسی بردنەوەی زیاتر بێت، بەو پێیەی کاندیدی دڵخوازی ئایەتولا عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێرانە و پشتگیری تەواوەتی دەکات.