پەرلەمانتارێک زانیاری نوێ لەسەر خەزێنەکەی سرێشمە ئاشکرادەکات

10/06/2021
فۆتۆ: 

عەلی حەمە ساڵح پەرلەماتناری کوردستان ڕایگەیاند، خەزێنەکەی سرێشمە بڕی نزیکەى سێ کیلۆ ئاڵتون بووە و مێژووەکەى بۆ سەدان ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە. دەشڵێت " دەبێت وەک کەنزێکی مێژووی گرنگ بخرێتە مۆزەخانەی نیشتیمانی".

عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی ، "ئەمڕۆ بەدواداچونم کرد بۆ ئەو خەزێنەی لە گوندی سرێشمەی سەر بە خەلیفان دۆزراوەتەوە، کە ڕۆژی ٢٠٢١/٦/٧ شۆفێرێکی حەفارە بەناوی عەبدولباست(پیاوێکی ھەژارەو بەکرێ شۆفێری حەفارەیە) لە زەوی کەسێک لە گوندی سرێشمە کار دەکات بەناوی مام سابیر ( دۆخی دارایی باشە) ".

ئەوەشی نوسیوە، لە کاتی کارکردندا حەفارەکە خەزێنەیەک دەدۆزێتەوە ، بەپێی قسەی کەسوکاری و ئەوانەی لێیەوە نزیکن نزیکەی سێ کیلۆ بووە، لە چاڵێکدا ھەڵگیراوەو ھەر چواردەوری چاڵەکە بەرد بوەو بەردێکی گەورەش بەسەریدا دراوە، واتە: ئەو دوو فەردە ڕاست نیە، چونکە مێژوی دراوەکە سەدان ساڵەو دوو گونیە نامێنێتەوە بەو شێوە . ".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت،" سەرەتا شۆفێری حەفارەکە ٤٥ لە خەزێنەکانی بردوەو دواتر گەڕاندویەتیەوە . مام سابیر، کە خاوەنی زەویەکە تەلەفونی بۆ لایەنی پەیوەندیدار کردوە.. تاوەکو دوێنێش خەزێنەکە لە سرێشمە بوەو لە دوێنێوە براوەتە بۆ سۆران. ئێستاش تیمێک سەرقاڵی پشکنینی دیکەن ".

ڕاشیگەیاندووە،" ئەوەی ھەیە مێژوی ئەم خەزێنە کۆنە، ڕەنگە بۆ سەردەمی میرنشینی داسنێ یان پێش میرنشینی سۆران بگەڕێتەوە پێشتریش ھاوشێوەی ئەم خەزێنە لەو ناوچەدا دۆزراوەتەوە ، ئەم خەزێنە بەھایەکی مێژویی گەورەی ھەیە، دەبێت تیمێکی پسپۆڕ لێکۆڵینەوەی زانستی لێبکات و پاشان وەک کەنزێکی مێژووی گرنگ بخرێتە مۆزەخانەی نیشتیمانی".

ئەمەش لە کاتێکدایە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند وێنەیەک بڵاوبووەوە کە گوایە دوو فەردەی پڕ لە سکەی ئاڵتون دۆزراوەتەوە.