لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمان: تورکیا هەشت بنکەی سەربازی نوێی لەهەرێم دروستکردووە

10/06/2021
فۆتۆ: 

سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، تورکیا لەم شەڕەی دواییدا لەگەڵ پەکەکە نزیکەی هەشت بنکەی سەربازی نوێی لە هەرێمی کوردستاندا داناوە و نزیکەی ٣٨ گوندیش بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵ کراون .

ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێڤینگ هروری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە شەڕی ئەم دواییەدا تورکیا نزیکەی هەشت بنکەی نوێی جێگیرکردوە، لەبەرامبەریشدا گەریلاکانی پەکەکە بارەگای دیاریکراویان لە چیاکانی ناوچەکەدا نییە و بەبەردەوامی شوێنەکانیان دەگۆڕن.

سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە ئامەژەی بەوەکرد، "گوندەکانی ئەو ناوچەیە بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و بەشێکی زۆری ژینگەی ناوچەکە سوتاوە و تێکچوە، تەنها لە سنوری دەرکار نزیکەی ١٧ گوند، لە باتیفا نزیکەی ١٤ گوند و لە کانی ماسێ نزیکەی حەوت گوند چۆڵ کراون.

ماوەیەکە سوپای تورکیا، بەچڕی ناوچە سنورییەکانی سنوری پارێزگای دهۆک بۆردومان دەکات، ئەمەش ترس و دڵەراوکێیەکی زۆری لای دانیشتوانی ئەو ناوچانە دروستکردووە، ئەمشەوە تورکیا بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی لەگوندی هرورێی سەر بە کانی ماسێ دا.