عێراق.. ئەمڕۆ 8 ساڵ تیپەڕ دەبێت بەسەر کوشتارەکەی سپایکەردا

12/06/2021
شوێنی گولـلەبارانکردنی ژمارەیەک لە سەرباز و خوێندکارانی هێزی ئاسمانی لەسەر لێواری ڕوباری دیجلە
فۆتۆ: 

لە ڕۆژی وەک ئەمڕۆدا و لە ١٢ حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا ڕێکخراوی داعش دوای کۆنترۆڵکردنی موسڵ و بەشێک لە پارێزگای سەلاحەدین لە دەورەبری شاری تکریت زیاتر لە ٢هەزار سەربازی عێراقییان بەدیل گرت و لە چەند گۆڕەپانێکدا گولـلەبارانیان کرد، دواتری روداوەکە بە کوشتارگەی سپایکەر ناسراوە بە ناوی بنکەی ئاسمانی سپایکەر لە ناوچەکە.

ئەو سەربازانە زۆربەیان سەر بە فیرقیە ١٨ی سوپای عێراق و خوێندکاری کۆلێژی هێزی ئاسمانی عێراق بوون، بەشێک لە هێزەکە ئەرکیان پارێزگاریکردن بوون لە بۆری گواستنەوەی نەوتی نیوان قەزای بێجی و کێڵگەکانی (عەین جەحش لە موسڵ.

چەکدارانی داعش تۆماری ڕوداوەکەیان کرد و بڵاویانکردەوە، کە چۆن ئەو ژمارە زۆرە لە سەرباز و ئەفسەری سوپای عێراق بە هاوکاریی ژمارەی سەرۆک هۆزە سوننەکانی ناوچەکە دەستبەسەر دەکەن و دەیانگوێزنەوە بۆ کۆمەڵگەی کۆشکەکانی سەرۆکایەتی لە تکریت و دواتر کۆمەڵ کۆمەڵ دەیانبەن بۆ گۆڕەپانێک بە کۆمەڵ گولـلەبارانیان دەکەن.

بەشێک لە گولـلەبارانکردنی ئەو کەسانە لە لێواری ڕوباری دیجلە کرا و تەرمەکانیان خرایە ناو ئاوی ڕوبارەکەوە و هەموو ئەوانەش بە وێنە وەک دۆکیۆمێنت پارێزراون.

ڕوداوەکە کاردانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا لە لایەن خێزانی  قوربانییەکانەوە و لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە خۆپیشاندانیان ڕێکخستن و داوای دادگاییکردنی ئەو سەرکردانەیان کە بنکەکەیان ڕادەستی داعش کردووەو بووەتە هۆی کوژرانی ڕۆڵەکانیان.

لەیەکێک لە خۆپیشاندانەکاندا، خۆپیشاندەران توانیان بچنە ناو پەرلەمانەوە و داوای دادگایی لێپرسینەوەی ئەو سەرکردە سیاسییانەیان کرد، کە ناوچەکەیان رادەستی داعش کردووە.

دوای تێپەربوونی چەند ساڵێک بەسەر ڕوداوەکەدا، دەزگای لێپڕسنەوە و دادپەروەریی عێراق ئاشکرایکرد، توانیویانە وردبین و ناسینەوە بکەن بۆ ٥٧ کەسی تۆمەتبار لەوانەی تێوەگلاون لە کوشتارگەکەی سپایکەر.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵگەی تەواویان لایە سەرجەم ئەو کەسانە ئەندامی پێشووی حزبی بەعس بوون.

بنکەی ئاسمانی سپایکەر، بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ بە بنکەی ئاسمانی بیابان ناسرابوو، دەکەوێتە نزیک شاری تکریت و ٦ کیلۆمەتر دوورە لە ڕوباری دیجلە و دەکەوێتە ١٠٨ کیلۆمەتری باکوری بەغداوە.

بنکەکەی دوو ڕێڕەوی ئاسمانی فڕۆکەی تیا دروستکراوە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە لایەن هاوپەیمانانەوە ناونراوە بە بنکەی ئاسمانی سپایکەر، وەک ئاماژەیەک بۆ ناوی (سکۆت سابیکەر) ئەو فڕۆکەوانەی ئەمریکا، کە لە کاتی چەنگی دووەمی کەنداو کوژرا، کاتێک بە خۆی فرۆکەکەیەوە لە جۆری (ئێف١٨)ی ئەمریکی لە لایەن سوپای عێراقەو خرایە خوارەوە.