پێشبڕكێی پێكوتەی كۆرۆنا.. ئایا ئەم هاوینە مژدەی خۆی بەڕێوەیە؟

28/06/2020
فۆتۆ: 

لە شەش كیشوەری جیهانەوە دەستكراوە بە تاقیكردنەوەی پێكوتەكان لەسەر فایرۆسی كۆرۆنا، كە تا ئێستا لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی دەرمانەوە گەشەی پێدراوە، بەو هیوایەی بتوانرێت لەم هاوینەدا پەتاكەی پێ لەناوببرێت .

بۆئەو مەبەستەش پزیشكان و زاناكان لە شوێنانەی كە پەتاكە بەشێوەیەكی بەرچاو تیا تەشەنەی كردووە، بە شوێن فایرۆسەكەوەن لە پێناو تاقیكردنەوەی پێكوتەكانیان و كاریگەرییان لەسەر نەخۆشەكان، بە تایبەت لە كاتێكدا لە چەند دەوڵەتێك فایرۆسەكە بە تەواوی ڕووی لە پاشەكشە كردووە .

لەم چەند رۆژەی رابردوودا زانا و توێژەرە بەریتانی و چینییەكان لە درەوەی سنوری وڵاتەكانیان پێكوتەكانی خۆیان تاقیكردووەتەوە، بەتایبەت لە وڵاتی بەرازیل، كە هێشتا فایرۆسەكە تیایدا بەشێوەیەكی خێرا گەشەدەكات .

بڕیاریشە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تاقیكردنەوە لەسەر ئەو پێكوتەیە بكات كە حكومەت كۆمەكی كردووە و چاوەڕوان دەكرێت لە مانگی تەموزی داهاتوودا لەسەر 30 هەزار خۆبەخش تاقیبكرێتەوە .

دوای ئەویش بەریتانیا كە بریارەی بە هەمان شێوە لەسەر 30 هەزار خۆبەخش لە مانگی ئابدا تاقیكردنەوەی لەسەر بكات .

پسپۆڕانی تەندروستی بە هیوایەكی دوودڵیانەوە چاوەڕوانی ئەنجامی پێكوتەكە دەكەن، كە لەم هاوینەدا تاقیكردنەوەكان لەسەری دەستپێدەكات، هیوایان بەوەیە كاریگەیی تەواویان هەبێت و ڕێگەیان بدرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا بە جیهاندا بڵاوبكرێتەوە .

ئەنتۆنی فاوچی بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتیمانی بۆ هەستیاری نەخۆشییە گوێزراوەكان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕایگەیاند، پێدەچێت پێكوتەی نوێی بە خۆبەشەكان بدرێت لە هەریەكە لە ئەمریكا و دەوڵەتانی دیكەی وەك بەرازیل و باشوری ئەفریقا .

فاوچی بە ئاژانسی ئەسۆشییەتید پرێسی ڕاگەیاندووە، بە وریاییەوە گەشبینی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە پێكوتە نوێیەكان كە لە چەند ناوچەیەكی جیاجیای جیهان تاقیكراونەتەوە، جەختیشیكردەوە بابەتەكە پێشبڕكێ نییە، بەڵكوگرنگە ئەوەیە زۆرترین پێكوتەی كاریگەر و تاقیكراوە و تەندروست بە دەستبهێنرێت .

زۆربەی پسپۆڕەكان پێشبینی ئەوە دەكەن، مەرج نییە ئەو پێكوتەیەی بۆ فایرۆسی كۆرۆنا بەردەست دەبێت، كاریگەریەكی بە هێندی پێكوتەكانی پێشتر بێت كە تاقیكردنەوەیان لەسەر كراوە، بە دیاریكراویش وەك پێكوتەی ئاوڵە .

درو وایسمان پزیشك لە زانكۆی پەنسلفانیای ئەمریكا دەڵێت، ئەگەر دەركەوت باشترین پێكوتەی دژی فایرۆسی كۆفید 19 بە ڕێژەی 50%سەركەوتن بە دەست دەهێنێت، ئەوە بە پێكوتەیەكی مەزن دادەنرێت بەلای ئەوەوە .

وتیشی پێویستە هەر لە ئێستاوە قسە لەو بابەتە بكرێت بۆ ئەوەی خەڵكی تووشی شۆك نەبن لە داهاتوودا كە پێكوتەیەك سەركەوتنی وەك پێویستی بە دەست نەهێنا، كە تا ئێستاش تاقیكردنەوەكان لەسەریان بەردەوامە .

لە ئێستادا تاقیكردنەوە لەسەر 15 پێكوتە دەكرێت بۆ قەلاچۆكردنی فایرۆسی كۆرۆنا، كە هێشتا لە قۆناغەكانی یەكەمی تاقیكردنەوەدان  و قۆناغی زۆر گەورەشیان نەبڕیوە لە بواری كاریگەرییان، چونكە هێشتا بەزۆری بە قۆناغی تاقیكردنەوەی یەك لە دوای یەكدا دەڕۆن .