وەستا رەسوڵ: داعش پلانی هێرشکردنە سەر چەند ناوچەیەکی کەرکوکی هەیە

12/06/2021
فۆتۆ: 

ڕاوێژکاری سەربازی هاوسەرۆکانی یەکێتی رایگەیاند، داعش پلانی پەلاماردانی هەندێک شاروشارۆچکەی دەوروبەری کەرکوکی هەیە، بۆیە هێزە عێراقیەکان لەئامادەباشیدان، دەشڵێت، "توانای پەلاماردنی چەند شوێنێکی دەوروبەری کەرکوکی هەیە، بەڵام توانای پەلاماردانی کەرکوکی نییە".

وەستا ڕەسوڵ ڕاوێژکاری سەربازی هاوسەرۆکانی یەکێتی و بەرپرسی پێشووی میحوەری باشوری کەرکوکی پێشمەرگە بۆ دەنگی ئەمریکا باسی لەوەکردووە، گروپی چەکداری داعش خۆی ڕێکخستووەتەوە و توانای پەلاماردانی هەندێک ناوچەی دەوروبەری کەرکوکی هەیە، نەک کەرکوک، چونکە پەلاماردانی شارێکی گەورەی وەک کەرکوک قورسە.

ڕاوێژکاری سەربازی هاوسەرۆکانی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەوانەیە داعش هەندێک شوێنی دەوروبەری کەرکوکی دەستنیشان کردبێت، وەکو قەزاو ناحیەکان تا پەلاماری بدات. لەبارەی ئەو ناوچانەی داعش پلانی هەیە پەلاماریان بدات، دەشڵێت، "هەموو پێشبینیەکان بۆ ئەوە دەچن، لەحەویجە و داقوق و دوز پلانیان بەدەستەوەبێت ."

لەبارەی جموجوڵەکانی چەکدارانی داعشەوە، بەرپرسی پێشووی میحوەری باشوری کەرکوکی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، "چەکدارەکانی داعش بەناوچەکاندا دەسوڕێنەوە و دەچنە گوندەکان بۆ نانخواردن و دەستخستی پێداویستی، لە حەوزەی حەمرینیش هێزیان زۆرە"، هاوکات، داعش پێکهاتەی نوێی بۆ هێزەکانی لە دەوروبەری کەرکوک داناوە و سەرجەم ئەمیرەکانی گۆڕیوە و خەڵکی تازەی لە جێگەیان داناوە .

لەماوەی رابردووشدا، بەمەبەستی رێگریکردن لە جموجوڵ و چالاکییەکانی گروپی چەکداری داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا پێکهێنرا و دواتریش، یەکەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکانی دەوروبەری قەزای کفری دژ بە گرووپی چەکدارانی داعش ئەنجامدرا.

گرووپی داعش چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، لەساڵی ٢٠١٣دا سەریهەڵدا و  لەحوزەیرانی ٢٠١٤دا پارێزگای موسڵ و بەشێکی زۆر لە ناوچە سوننەنشینییەکانی عێراق و بەشێکی زۆری خاکی سوریاشی کۆنتڕۆڵکرد، دواتر و لەساڵی ٢٠١٧دا لەلایەن هێزە سەربازییەکانی عێراق و پێشمەرگەوە بەهاوکاری هێزی هاوپەیمانان سەرکەوتنی یەکجارییان بەسەر ئەو گروپە چەکدارییەدا راگەیاند.