زیاتر لە 20 رۆژنامەنووس و چالاکوان لە هەولێر دەستبەسەرکران

12/06/2021
فۆتۆ: 

ڕۆژنامەنووسێکی هۆڵەندی بەناوی فریدریک گریدریک رایگەیاند، “ئەمڕۆ لەگەڵ 20 کەسی دیکە لە فڕۆکەخانەی هەولێر ڕێگریمان لێکرا و بڕیارە بمانگەڕێننەوە".

ئەمڕۆ شەممە، فریدریک گریدریک رۆژنامەنووسی هۆڵەندی لەکاتێکدا سەردانی هەولێری کردووە بەڵام بە وتەی خۆی لە فڕۆکەخانە رێگری لێکراوە و دەشڵیت بڕیارە بینێرنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.

فریدریک گریدریک لە چەند تویتێکدا باسی لەرێگریکردنەکەی دەکات  و تویتێکیشدا دەڵێت، "پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) دەستی بەسەر هەرێمی کوردستاندا گرتووە و بە بەرپرسەکانی فڕۆکەخانەشم وتوە کە پێویستە وێنەی ئەردۆغان لەپاڵ وێنەی بارزانیدا دابنێن".

لەتویتێکی دیکەشدا ئاماژەی بەوەکردووە، "هیچیان بە ئێمە نەوتووە کە بۆچی لە فڕۆکەخانە ڕاگیراوین، من و زیاتر لە 20 کەسی دیکە لە فڕۆکەخانە دەستبەسەر کراوین، و لە ماوەیەکی نزیکدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی ئەو ڕێگرییە دەکەین".

هاوکات، هەر ئەمڕۆش 27 کەسی دیکەش كە بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی ئاشتی و دژی شەڕ بەنیازی سەردانیکردنی شاری هەولێرچووبونە فڕۆکەخانەی دۆسلدۆرف لە ئەڵمانیا، لە فڕۆكەخانە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە ڕێگریی لێدەكرێت و لە ئێستادا دەستبەسەرکراون.

ماوەیەکە گرژییەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا لەلایەک و پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی لەلایەکی دیکەوە هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە، هەر لەبارەی شەهیدبوونی پێنج پیشمەرگەشەوە مەسعوود بارزانی لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، "بکەرانی ئەو کارە بەسزای توندی خۆیان دەگەن".