هۆكاری سەرهەڵدان و كاریگەرییەكانی وشکە ساڵی

13/06/2021
فۆتۆ: 

بەرێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم بابەتێکى ئاسۆ کەمال تەييب بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بڵاوکردەوە، کە باس لە هۆكاری سەرهەڵدان و كاریگەرییەكانی وشکە ساڵی دەکات.

(وشكيى) ئەو ماوەیەیە کە ناوچەیەک تیایدا کەش و ھەوا وشک دەبێت، ئەم ماوەیەش (کورت یان درێژ ) دەبێت، ئەمەش دەرەنجامی کەمبوونەوەی دابارینە ئاوییەکان بۆ خوار تێکڕاییەکانی، یان ناڕێکی لەدابەشبوونی باران بارینەکان دەبێت بەپێی وەرزەکانی باران بارین ( پاییز و زستان و بەھار) کە ئەمەش زیان بە بەروبوومی کشتوکال و سەرچاوە ئاوییەکان دەگەیەنێت، وە ئەمەش ئەو ھاوسەنگییەی لە نێوان بارانبارینەکان و بوون بەھەڵمی زەویدا ھەیە تێکدەدات و بوون بەھەڵم یان ئاو دەردانی زەوی زیاتر دەبێت لە باران بارینەکان و بەمە زەوی وشك دەبێتەوە و رووەکیش ئەو شێیەی کە تیایەتی بەکار دەھێنێت و بەرەو وشكبوونەوە دەڕوات .

 لە کاتی بەردەوامی و درێژبوونەوەی ئەم ماوەیە کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی و کەمبوونەوەی ئاوی خواردن و خراپ بوون و کەمبوونەوەی کشتوکاڵ و کەمبوونەوەی ئاوی رووبار و سەرچاوە و کانیاوەکان و ئاوی ژێر زەوی دەبێت و بەردەوامی ئەم پرۆسەیە ناوچەکە بەرەو    بیابانبوون دەبات .

 پۆلێنی وشكيى  

١ -وشكيى ھەمیشەیی: ئەم وشکییە بەردەوامی ھەیە لە ھەموو وەرزەکاندا بوون بەھەڵم لە بارانبارین زۆرترە، وەک لە بیابانە گەرمەکاندا دەبینرێت .

٢ -وشكيى وەرزيی: ئەمە تەنھا لە وەرزە گەرم و وشكەکاندا روودەدات .

٣ - وشكيى لە ناکاو: ئەمە دەرەنجامی نا جێگيريى یان بەرزی و نزمی لە باران بارین کە ھەندێک وەرزی بارانبارین تووشی دێت وەک لە ناوچە نیمچە شێدارەکان .

٤ - وشكيى نەبینراو: کەمبوونەوەی شێی ناو خاک و ھەوایە .

 جۆرەکانی وشكيى  

١ - وشكيى ئاو و ھەوا :

 ئەم جۆرەی وشكيى دەرەنجامی کەمبوونەوەی بارانبارینەکانی ناوچەیەکە بۆ خوار ئاستی تێکڕاییەکانی یان کورتھێنانێکی زۆر لە بارانبارینەکاندا، کە ئەمەش دەرەنجامی مانەوەی زۆری باری جێگیربوونی کەش و ھەوا و زاڵبوونی بەرزەپەستان لەو ناوچەیەو لاوازبوونی ئەو ناوچەیە بەکاریگەريی نزمە پاڵەپەستۆکان و زۆری ماوەی ساماڵ بوون و زیاتر دەرکەوتنی تیشکی خۆر و کە ئەمەش وادەکات بەھەڵمبوون زیاتر بێت .

٢ - وشكيى ھایدرۆلۆجی :

ئەم جۆرەی وشكيى کەمبوونەوەو کورتھێنانە لەئاوی رووبار و سەرچاوە ئاوی یەکان و کانی و ئاوی ژێر زەویيە، ئەمەش دەرەنجامی کەمبوونەوەی بارانبارینەکان دەبێت، وە وشكى ھایدرۆلۆجی پەیوەندیيەکی راستەوخۆ و بەھێزی ھەیە لەگەڵ وشكى ئاو و ھەوادا .

٣ - وشكيى کشتوکاڵ :

ئەمجۆرەی وشكيى دەرەنجامی کەمبوونەوەی بارانبارینەکان یان نا رێکوپێکی دابەشبوونی بڕی باران بارینەکان لە وەرزەکانی باران باریندا ( وەرزی پاییز و زستان و بەھار) ئەمە لە رووی کشتوکاڵییەوە زیان بە بەروبومی کشتوکاڵ دەگەیەنێت، بەڵکو پێویستە ھەر وەرزە بڕی پێویستی خۆی لەباران ببارێت .

بۆ ئەمەش شارەزایان و زانایانی ئاو و ھەواو جوگرافیا چەندین ھاوکێشەو رێگەی زانستیان بەکارھێناوە بۆ دیاریکردن و پێوانەکردنی وشكى لەوانە (لانگ، دیمارتون، ئامبرجیر، والتەر) .

(( ھەرێمە وشكەکان لەجیھاندا ))

١ - بیابانە ساردەکان لە ناوچە جەمسەرییەکان: کە بەرزە پەستان لەم ناوچەیەدا باڵا دەستەو ناوچەیەکی ساردە و لەبەر ئەوە ھەواکەی توانای ھەڵگرتنی شێی نییە .

٢ - بیابانە مام ناوەندەکان: کە دەکەونە ناوەڕاستی کیشوەرەکان وەک بیابانەکانی ناوەڕاستی ئاسیا کە ھۆکاری وشكيیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دووريی ئەم ناوچانە لە رووبەرە ئاوییەکان و بای وشك کاریگەريی لەسەری ھەیە .

٣ - بیابانە گەرمەکان: وەک ئەوانەی دەکەونە ناوچە خولگەییەکان و ئەمانە بای بازرگانی وشكى رۆژھەڵات دەیانگرێتەوەو کاریگەريی و باڵادەستيی بەرزەپەستانیش لەسەر ناوچەکە .

 ھۆکارەکانی وشكيى  

ھۆکارەکان زۆرن لەوانە ھۆکاری ئاووھەوا، رەگەزەکانی کەش وھەوا (پلەی گەرما، بارانبارین، پەستانی ھەوا، با، شێ) و ئەم رەگەزانەش ھۆکاری سەرەکین لەدیاریکردنی ژینگە و ھەرێمی ئاو و ھەوایی وشك .

ھەروەھا (سوڕە ئاووھەوایی و زەریاییەکان) وەک دیاردەکانی (ئەلنینۆ و لانینا) کە کاریگەريی ئەم دوو دیاردەیە لەسەر کەش و ھەوای زەوی ھەندێک ناوچە بەرەو وشكى و ھەندێ ناوچە بەرەو تەڕيی و زیادەڕەويی کەش و ھەوا دەبات لەچەند ساڵێک بۆ چەند ساڵێک .

ھەروەھا ئەو گۆڕانکاریانەی ئەمڕۆ بەسەر کەش و ھەوای جیھاندا ھاتووە، ھەر لەبەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دروستبوونی شەپۆلی بەرزبوونەوە و بێزارکەرەکانی پلەکانی گەرما و گۆڕان لە سیستەمە پەستانییەکان و جێگیربوون و باڵادەستی بەرزە پەستانەکان و لاوازبوونی نزمە پەستانەکان لەو ناوچانەدا .

ھەروەھا دوور و نزیکيی ناوچەکە لە رووبەرە ئاوییەکان و ھۆکارە تۆبۆگرافیەکان و بەرز و نزمییەکان و سروشتی خاک، ڕووپۆشی سەوزایی و درەخت و دارستانەکان کاریگەریان لەسەر وشكيى ھەیە .

ھەروەھا ھۆکارە مرۆییەکان و چالاکییە مرۆییەکان وەک نازانستيی بەکارھێنان لە کشتوکاڵ و ئاودێرى و سەوزاییکردن و زیادەڕەويی لە بەکارھێنانی ئاو و پیسکردنی ژینگە و بەکارھێنانی وزە دژە کەش و ھەوایی و ژینگەییەکان و زیادکردنی گازە گەرمکارەکانی وەک دووانەئۆکسیدی کاربۆن و گازی میثان .