کازمی فەرمانیکرد بە وەزارەتی کارەبا کارکردن لەگەڵ کۆمپانیای سیمنس ڕابگرن

13/06/2021
فۆتۆ: 

بەهۆی سستی لە کارکردن و جێبەجێکردنی پرۆژەکانیدا لە عێراق، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانیکرد بە وەزارەتی کارەبا کارکردن لەگەڵ کۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانی ڕابگرن، کە لە بواری پرۆژەی کارەبادا لە ناوخۆیی عێراق کار دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی کازمی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی پێشوازیکردووە لە (کریستان برۆک) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سیمنس و شاندێکی کۆمپانیا ئەڵمانییەکە.

بە گوێرەی بەیاننامەکە لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی جێبەجێکردنی نەخشە ڕێگای هاوکاری کە لە نێوان عێراق و کۆمپانیای ناوبراودا ئیمزا کراوە، بە مەبەستی تیپەڕاندنی ئەو ڕێگرییانە کە هاتوونەتە بەردەم کاری جێبەجێکردن.

لە دیدارەکەدا کازمی بە لێپرسراوانی کۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانی ڕاگەیاندووە، کاربکەن لەسەر تێپەڕاندنی ئەو کەموکوڕییانەی کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، لە تەواوکردنی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە، هاوکات وەزارەتی کارەباشی ڕاسپارد، بە پەلەکردن لە ڕێوشوێنەکانی کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاکە، بەشێوەیەک کە ببێتە مایەی دابینکردنی وزەی کارەبا  بۆ هاوڵانیان لە ماوەیەکی کەم و مامناوەندا.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی نوسینگەی کازمی ئاماژە بەوەشکراوە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی فروانکردنی کارەکان، بەشێوەیەک کە بواری وزەی خۆر و سەرجەم جۆرەکانی دیکەی وزەی نوێ بگرێتەوە.

لە بەرامبەریشدا وەک لە بەیاننامەکەی نوسینگەی کازمی ئاماژەی پێکراوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سیمینس شانازی کردووە بە قوڵایی کارکردنەکانی لە عێراق، متمانەی خۆشی نیشاندا لەوەی بەم نزیکانە پەلە دەکریت لە تەواوکردنی پرۆژەکانیان، بە تایبەت قۆناغی یەکەم، کە خەریکە تەواو دەبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە کێشەی کارەبا یەکێک بووە لە کێشە سەرەکییەکانی عێراق و سەرباری خەرجکردنی دەیان ملیار دۆلار لەو کەرتەدا، بەڵام هێشتا وزەی کارەبا لە عێراقدا وەک پێویست نییە و ناتوانرێت ٢٤ کاتژمێر کارەبا بۆ هاوڵاتییەکانی دابین بکرێت.