عێراق: توانامان هەیە زیادبوونی خواست لەسەر بەرهەمی نەوت پڕ بکەینەوە

13/06/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، توانای هەیە مامەڵە لەگەڵ هەموو زیادبوونێکی داخوازی بازاڕی نەوتی جیهاندا بکات، بەشێوەک توانای هەیە ڕۆژانە بڕی ٥ ملیۆن بەرمیل بەرهەم بهێنێت.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی نشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، عێراق لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا کە بە رێککەوتنی ئۆپیک پڵەس ناسراوە، هاوکات یەکێکە لە وڵاتەکانی بەرهەمهێن و هەناردەکارەکانی دەرەوەی ئۆپیکیش.

ئاماژەی بەوەشکرد، رێکخراوەکە بە شێوەیەکی بەردەوام کۆبوونەوە دەکات و پێداچوونەوە دەکات سەبارەت بە پێشهاتەکانی بازاڕی نەوت، لەسەر ڕۆشنایی ئەوەش مامەڵە دەکات دەکات لەگەڵ داخوازییەکانی بازاڕی وزەی جیهانی ، بەو شێوەیەکی کە هاوسەنگی بەدی بهێنێت بۆ بەرهەمهێنەران، بۆ ئەوەی کاریگەریی دروست نەکات لەسەر بازاڕی نەوت لە جیهاندا.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق جەختیکردەوە، پێشبینیەکانی رێکخراوی وزەی جیهانی بۆ نرخی وزە و خواست لەسەری یان هەر ئەنجامی پێشکەوتنێک لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە تایبەت دابینکردنی ڤاکسینەکان، کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر جموجوڵی گواستنەوە و ئاسایی بوونەوەی ژیان.

ڕوونیشیکردەوە، هەر زیادکردنێک لە بازاڕی وزەی نەوتدا بێتە ئاراوە، عێراق پشکی دەبێت، چونکە لە ئێستادا ڕێککەوتنێکی ئەخلاقی هەیە لە نێوانیاندا، نەک ڕێککەوتنێکی پابەندکردن و ناچاری.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق جەختیشیکردەوە، ئەو پابەندبوونە ئەخلاقییە کارلایگەریی بەرچاوی هەبووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی بێ بازاڕی لە ئابوری جیهان، کە بەزۆری بەهۆی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆناوە هاتووەتە ئاراوە، لە ئێستاشدا دووبارە هاوسەنگییەکی لە بازاڕی وزەدا بەرجەستە کرد و نرخی نەوتی گێرایەوە بۆ دۆخێکی باش، دوای ئەوەی نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو هاتە خوارەوە بۆ ١٠ دۆلار.

لە کۆتایی وتەکانیدا وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لەگەڵ وڵاتە بەرهەمهێنەکانی دیکەدا کار دەکات لەسەر جێگیرکردنی بازاڕی نەوت، خاوەنی وزەیەکی گونجاویشە، بۆیە توانای مامەڵەکردنی هەیە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت، بەشێوەیەک کاریگەریی نەبیت لەسەر بازاڕی نەوت، جگە لەوەش بازاڕی نەوت لە ماوەیەکی دوور مەودادا جێگر نابێت، بۆیە عێراق ئامادەیە بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە بێتە ئاراوە لە هەر دۆخێکدا.