کارمەندانی تەندروستی کەرکوک زەوییان پێدەدرێت

13/06/2021
فۆتۆ: 

فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، دەستیان کردووە بەجێبەجێ کردنی ڕێکارەکانی تایبەت بەدابەشکردنی زەوی بەسەر کارمەندانی کەرتی تەندرووستی شارەکە.

لەو بارەیەوە نەبیل بوشناق بەڕێوبەری گشتی تەندروستی کەرکوک بەتۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، مەرجەکانی دابەشکردنی زەوی بەو جۆرەیە، کە دەبێت ئەو کارمەندەی زەویەکە وەردەگرێ عێراقی بێت وخاوەن ناسنامە بێت وپڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دابێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، وبەڵێننامەیەکیش بە کەسانە پڕ دەکرێتەوە، کە پێشتر هیچ کام لە دوو هاوسەرە زەویان وەرنەگرتووە و سودمەند نەبوون

بوشناق لەبارەی مەرجەکانەوە زیاتر ووتی دەبێت خزمەتەکەی لەفەرمانگەکە لەپێنج ساڵ کەمتر نەبێ وبۆ کارمەندانی ناو شار ڕوبەری ئەو زەویەی دابەش دەکرێ بۆ هەر کارمەندێک (200م2) بۆ کارمەندانی دەرەوەی شاریش (300م2).

بەڕێوبەری تەندروستی کەرکوک جەختیکردەوە، هەر کەسێک لە کارمەندەکانیان ئەو مەرجەیان تێدایە، دەتوانن فۆڕمێک ڕابکێشن پڕی بکەنەوە هەروەک لە ڕێگای لینکێکی ئەلیکتڕۆنیشەوە داواکاری بۆ وەرگرتنی زەوی پێشکەش بکەن .

لە کۆتایی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد،پێدانی زەوی بەکارمەندانی تەندروستی کەرکوک لەپای ئەو خزمەتانەیە، کەلەسەردەمی کۆڕۆناو بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکان پێشکەشی هاوڵاتیانیان کردوە ولەو پێناوەدا بەشێکیان قوربانیشیان بەخشیوە.