یەکێتی و گۆڕان لەسەر پرسەکانی حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆبوونەوە
بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی،وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە دەباشان بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی تایبەت بەکاروباری حکومەتی ھەرێم وحکومەتی خۆجێیی سلێمانی کۆبوونەوە .
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی، کێشەکانی ئەمڕۆی کوردستان و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان پێویستی بە ھەماھەنگی زیاتری ھەردوولا ھەیە، لەو ڕووەشەوە پێویستە ھەنگاوی کرداری بنرێ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان.
لە تەورێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لەسەردوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق، هاوکات لەسەر بنەماى رەوشی هەنوکەیی پلانی داهاتوو بۆ پتەوکردن و رێکخستنەوەى کار و ئەجێنداى یەکێتی و گۆڕان گفتوگۆى لەبارەوە کرا .
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی رێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان کرا و چۆنێتی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەى کە ماون و پێویستە جێبەجێ بکرێن و پەیوەستن بەدام و دەزگاکانی حکومەت، هاوکات پێشنیاریش کرا کۆبوونەوەکان بەردەوامییان هەبێت بۆ سەرخستنی تەواوی رێکەوتنەکەى نێوان یەکێتی و گۆڕان، کە ئەمەش رەنگدانەوەى باشى دەبێت لەسەر هاوپەیمانێتی کوردستان و چۆنێتی چوونە نێو هەڵبژاردنی داهاتووى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
|