هەپەگە کوژرانی 8 سەربازی تورکیای ڕاگەیاند

13/06/2021
فۆتۆ: 

هەپەگە باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە ڕایگەیاند، لە ڕووبەڕووبوونەوەکانیان لەگەڵ سوپای تورکیا لە چەند ناوچەیەکی جیاجیا ٨ سەربازی تورکیا کوژراون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لەبارەی چالاکیەکانی هێزەکانیان لە ناوچەکانی ە بۆتان، زاپ، ئاڤاشین، مەتینا و خواکورک بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و  ڕایگەیاند، ٨ سەربازی تورکیا کوژراون .

هەپەگە ئاماژەی بەوەکردووە، لە بەرپەچدانەوەیەکیان لە هەرێمی بۆتان جگە لە تێکشکاندنی تۆڕی تەلەفۆن و ئینتەرنێت، یەکێک لە جاشەکانیش کراوتە ئامانجی گەریلا ، بەڵاک زانیارییان نەبووە لە بوونی جاشەکان، چونکە لە هیچ کاتێکدا جاشەکان ئامانجی ئەوان نەبوون، بەو هۆیەشەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی محەمەد بابات دەکەن، کە لەو چالاکییەدا کوژراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت شەڕ بە جاشەکان بکات، پێویستە جاشەکان ئاگادار بن و لەو جێگەیانە دوور بکەونەوە و نەکەونە تەڵەکەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە لە هەرێمی ئاڤاشین جگە لەخستنە خوارەوەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا، دەستیش گیراوە بەسەر چەندین چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازی سوپای تورکیا و لە هەندیک ناوچەش پاشەکشە بە سوپای تورکیا کراوە.