ئەمڕۆ بایدن و ئەردۆغان کۆدەبنەوە

14/06/2021
فۆتۆ: 

بڕیارە ئەمڕۆ لەچوارچێوەی گفتوگۆکانی ناتۆدا هەریەکە لە جۆباین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆببنەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بایدن و ئەردۆغانەوە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا جاک سولیڤان باسی لەوەکردووە، بایدن و ئەردۆغان گفتوگۆی سوریا، ئەفغانستان و بابەتە ناوچەییەکانی تر دەکەن لەگەڵ ئەو جیاوازییە گرنگانەی کە لە نێوان واشنتن و ئەنقەرە، ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئێران و ڕۆڵی تورکیا لە ئەفغانستان لە پرۆسەی کشانەوەی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا ئەجێندایەکی فراوانی کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک دەبێت.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە وتووێژەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا هەڵدەسەنگێندرێن و جیاوازییە گرنگەکانی کە لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و چەندین پرسی دیکەی گرنگی نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە تاوتوێ دەکرێن.

جاک سولیڤان ئەوەشی خستوەتەڕوو، بایدن ئەدۆغان باش دەناسێت، ئەو دوو پیاوە کاتێکی باشیان پێکەوە بەسەر بردووە و هەردووکیان بە پەرۆشن بۆ ئەوەی دەرفەتێک بڕەخسێت بۆ هەڵسەنگاندنی فراوانی تەواوی پەیوەندییەکان.

لەچەند ساڵی رابردوودا، ئەمریکا و تورکیا ناکۆکییان لەسەر چەند پرسێک ناکۆکییان کەوتوەتە نێوانەوە، لەوانە پشتیوانی ئەمریکا بۆ چەکدارە کوردەکانی سوریا، ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و دۆسێی دادگای ئەمەریکا لە دژی بانکێکی تورکیا، سەرباری ئەمانەش یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی نێوان هەردوو وڵات کڕینی سیتمی S-400ی ڕوسیی بوو لەلایەن تورکیاوە کە بەوهۆیەوە ئەمەریکا سزای خستە سەر پیشەسازی چەکی تورکیا.