سلێمانى.. دەستی بەسەر ٢٠٧ کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا

14/06/2021
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، لە دوو پرۆسەی هێزەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیدا توانیویانە دەستبەسەر بڕی 207 کیلۆگرام مادەی هۆشبەربگرن و سێ کەسیش کە یەکێکیان مامۆستایە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەهۆشبەرەکان دەستگیرکران.

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لەوەکرد، لەهەڵمەتێكی بەرفراوانی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بۆ یەكەمجار لەهەرێمی كوردستان لە دوو پرۆسەی جیاوازدا دەست بەسەر بڕی 207 كیلۆ مادەی هۆشبەر لەجۆری هێرۆین و تلێاك گیرا.  

بەگوێرەی تۆمارەڤیدیۆیەکەش، ئەو سێ کەسە خەڵکی پاڕێزگای دهۆکن و بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون و یەکێکیشیان مامۆستایە.

دەستگیرکراوەکان پێکهاتوون لە (م، ح، ح) لەدایکبووی ١٩٧٨ە و خەڵکی شاری دهۆکە و دانیشتووی هۆڵندایە و خاوەنی کۆمپانیای گواستنەوەی کەلوپەلە، (ع، ح، ع) لەدایکبووی ١٩٨٤ دانیشتووی دهۆک و مامۆستایە و کاری ژمێریاریی و گەیەنەریی کردووە و (م، ح، ح) لەدایکبووی ١٩٨٦و خەڵکی شاری دهۆکە و کرێکاری کۆمپانیایەکی گواستنەوەی کەلوپەل بووە.