لە هەولێر رێگری لە چالاکییەکانی شاندە نێودەوڵەتییەکە کرا

14/06/2021
فۆتۆ: 

ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و راگەیەندنکاران و رۆشنبیران بە ئامانجی راگرتنی شەڕی نێوان پارتی و پەکەکە و دژایەتیکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەنیازبوون لەبەردەم ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی ئەنجامبدەن و تیایدا ئیدانەی هێرشەکانی سەر تورکیا بکەن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگرییان لێکراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، زیاتر لە ٧٠ کەس لە ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و رۆشنبیران و راگەیەندنکاران لە ١٤ وڵاتی جیهانەوە کە لەچەند رۆژی رابردوودا لەفڕۆکەخانەی هەولێر دەستبەسەرکرابوون، لەبەردەم بارەگای ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکاندا بەنیازبوون کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی بەمەبەستی دژایەتیکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێم ئەنجامبدەن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە رێگرییان لێکراوە.

ئەندامێکی کوردی شاندە نێودەوڵەتییەکەش بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان باسی لەوەکرد، لەئێستادا ٧٠ کەسییان لە هەولێرە و لە١٤ وڵاتی جیهانەوە هاتوون، رێگریی لە ٨٠ ئەندامی دیکەشیان لەوڵاتەکانی خۆیانەوە کراوە کە بچنە شاری هەولێر، دەشڵێت، "ئامانج لە کەمپینەکانمان دوو خاڵ بووە، یەکەم بەرگریکردن لە خاکی کوردستان دژ بە لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر هەرێم، دووەمیش بەرگریکردن لە ژینگە و سروشتی کوردستان بۆ رێگریکردن لە تێکدانی سروشت و ژینگەی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر رێگرییەکان لە شاندەکە بەردەوام بێت، ئەوا شاندەکە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان بە ناچاری.

رۆژی ١٢ی ئەم مانگەش، ڕۆژنامەنووسێکی هۆڵەندی بەناوی فریدریک گریدریک رایگەیاند، “ئەمڕۆ لەگەڵ 20 کەسی دیکە لە فڕۆکەخانەی هەولێر ڕێگریمان لێکرا و بڕیارە بمانگەڕێننەوە ".

فریدریک گریدریک لە چەند تویتێکدا باسی لەرێگریکردنەکەی دەکات  و تویتێکیشدا دەڵێت، "پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) دەستی بەسەر هەرێمی کوردستاندا گرتووە و بە بەرپرسەکانی فڕۆکەخانەشم وتوە کە پێویستە وێنەی ئەردۆغان لەپاڵ وێنەی بارزانیدا دابنێن ".

ماوەیەکە گرژییەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا لەلایەک و پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی لەلایەکی دیکەوە هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە، هەر لەبارەی شەهیدبوونی پێنج پیشمەرگەشەوە مەسعوود بارزانی لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، "بکەرانی ئەو کارە بەسزای توندی خۆیان دەگەن ".