ئێران هەڵوێستی خۆی لەسەر حکومەتی نوێی ئیسرائیل ڕاگەیاند

14/06/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوێستی خۆی لەسەر حکومەتی نوێی ئیسرائیل ڕاگەیاند و وتی سیاسەتەکانی قەوارەی زایۆنی بە گۆڕانکاری لە سەرکردەکانیدا گۆڕانی بەسەردا نایەت، چونکە قەوارەیەکی داگیرکارە.

ئەو هەڵوێستەی ئیران دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە ڕۆژێکە بەسەر پەسەندکردنی حکومەتی نوێی ئیسرائیل لە لایەن پەرلەمانی ئیسرائیلەوە، کە توانی کۆتایی بهێنێت بە حوکمی ١٢ ساڵەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە.

شەوی ڕابردوو بەرلە پرۆسەی دەنگدانەکەی کنێستی ئیسرائیل لەسەر دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی نوێ، نەفتالی بینیت سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سیاسەتی وڵاتەکەی لە بەرامبەر ئێران گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، لە ڕێگریکردن لەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی .

لە وتەیەکدا لە سەرەتای دانیشتنی دەنگدان و پەسەندکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل، بینیت ڕایگەیاند، پلان دادەنێت بۆ بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی پێشوو بەرامبەر بە ئێران .

سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل لەوبارەیەوە وتی "گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، هەڵەیە و شەرعیەت دەداتەوە بە یەکێک لە هەرە توندوتیژترین سیستمەکانی جیهان".

حکومەتی نوێی ئیسرائیل بەشێوەیەی دوو ساڵ بە دووساڵ لە لایەن هەریەکە لە نەفتالی بینیت سەرۆکی پارتی (یەمینا)ی ڕاسترەوەو ، یائیر لابید سەرۆکی حزبی (داهاتووەوە) سەرۆکایەتی دەکرێت.

دەربارەی بەرەو پێشچوونەکانی گفتوگۆکانی ڤیینەناش ، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی ڤیینەنا نەگەیشتووەتە رێگایەکی داخراو، هێشتا زووە قسە بکرێت دەربارەی کۆتایی هاتنی، هەر بۆیە خولی ئەمجارەی گفتوگۆکان خولی کۆتایی نابێت.

سەبارەت بە بەیاننامەی کۆنگرەی ولاتانی (G7 ) خەتیبزادە ڕایگەیاند، بڕیاری ژمارە ٢٢٣١ی نێودەوڵەتی ئاماژەی نەکردووە، بە سنوردارکردنی پرۆگرامە موشەکییەکەی ئێران، هەر حەوت دەوڵەت پیشەسازییەکەی جیهانیش لە لێکدانەوەی ئەوە بڕیارە تێدەگەن، بۆیە باشترە کار بە بڕیارەکە بکەن و کۆتایی بهێنن بەدەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا.

کۆنگرەی ولاتانی (G7 ) دوودڵی خۆیان نیشاندابوو لە کۆتایی پابەندبوونەکانی ئێران بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی تاران، بە تایبەت لە ماوەی ڕابردوودا ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەیدا بەرزکردەوە، ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایی ئەو وڵاتانەی کە ئیمزایان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کردووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئیران هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر گفتوگۆکانی ڤیینەنا.