تەندروستی هەرێم پێداچوونەوە بە رێکارەکانی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا دەکات

15/06/2021
فۆتۆ: 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، لەپێناو رەچاوکردنی دۆخی تەندروستی هاوڵاتیان بڕیاریاندا بەپێداچوونەوە بە رێکارەکانی خۆپارێزی دژ بە کۆرۆنا.

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی:

پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا 

لەبەر بەرژەوەندی گشتی و ڕەچاوکردنی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان، هەروەک پێشتر ڕامانگەیاندبوو بۆ پێداچوونەوە بە ڕێکارەکان و گونجاندنی لەگەڵ هەڵومەرج و بارودۆخی ئێستای کۆڕۆنا لە جیهان و هەرێمی کوردستان وە دوابەدوای ڕەچاوکردنی ئاستی ڕەوشی تەندروستی و ئاسایی بوونەوەی هاتووچۆ و گەشتکردن و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان لە گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی و وەرگرتنی نموونە بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بڕیاردرا بە:

وەرگرتنی نموونە و پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان كە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە لەڕێگەی دەروازە سنووریەكان و فرۆكەخانەكان ئەنجام دەدرێت جگە لە:

١ - ئەو هاوڵاتیانەی کە دەرەنجامی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراوی هەبێت كەمتربێت لە ٤٨ كاتژمێر لەكاتی گەیشتن پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات.

٢ - ئەو هاوڵاتیانەی بڕوانامەی وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراوی هەبێت لەکاتی گەیشتن پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات.

د. ئاسۆ حەوێزی

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی

١٥ ی حوزەیران ٢٠٢١