بابەکر زێباری: پەکەکە لە گفتوگۆ تێناگات و تەنها شەڕ چارەسەری دەکات

15/06/2021
فۆتۆ: 

راوێژکارێکی سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی رایگەیاند، چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ پەکەکە زۆر زەحمەتە، پەکەکە کۆمەڵێک ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکات و ئەوان چەکی بەکرێگیراون، بۆیە ئەوانە ھەر دەمێنن مەگەر بە شەڕ نەبێت، دەشڵێت، "پەکەکە بۆ خەبات نەهاتووە بەڵکو بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم هاتووە".

ئەمڕۆ سێشەممە، بابەکر زێباری راوێژکاری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی باسی لەوەکردووە، چارەسەکردنی کێشەکان لەگەڵ پەکەکە قورسە و تەنها شەڕ چارەسەری پەکەکە دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی ھەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی ناوچە سنورییەکان لەسەر هێڵە و بڕیارە حکومەتی عێراق ھێزەکانی پاسەوانی سنوور زیاد بکات و پێداویستیی زیاتر و چەکی زیاتریان بۆ دابین بکات، بۆ ئەوەی بتوانن ناوچە سنوورییەکان کۆنتڕۆڵ بکەن. 

ئەو راوێژکارەی سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی ئاماژەی بەوەشکردووە، پەکەکە هێزێکی داگیرکارە و ناوچەکان داگیردەکات، خۆیان دەسەپێنن و خۆیان دەکەنە خاوەنی هەموو شوێنێک، بۆیە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە زۆر زەحمەتە لەگەڵیان بتوانی گفتوگۆ بکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دەشڵێت، "پەکەکە بۆ خەبات نەھاتوون و تەنھا بۆ تێکدانی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان ھاتوون".

لەبارەی هەنگاوەکانی حکومەتەکانی هەرێم و عێراقیشەوە، بابەکر زێباری ئەوەشی ووتوە،  حکومەتی ھەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵە و بەڵێنی زیادکردنی ھێزەکانیان بۆ پاسەوانی سنوری داوە، کە پێداویستیی سەربازی و چەکیش بۆ ھێزەکان زیاتر دابین بکەن، چونکە دوو لیوای پاسەوانی سنووری سەر بە عێراق هەیە بەڵام کەمە.   

لەماوەی رابردوودا، لە هێرشێکدا لە چیای مەتینای سەر بە پارێزگای دهۆک پێنج پێشمەرگە شەهیدکران و حەوتی دیکەش برینداربوون، وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمیش پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد و لەبەرامبەریشدا، پەکەکە رەتیکردەوە کە هێرشەکەی ئەنجامدابێت.