سوپای عێراق لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێم هاتە دەنگ

15/06/2021
فۆتۆ: 

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هەوڵە دیبلۆماسیی و سیاسییەکان لەلایەن عێراقەوە بۆ رێگریکردن لە هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق دەستیپێکردووە، دەشڵێت، "پێویستە تورکیا رێز لەسەروەری خاکی عێراق بگرێت".

ئەمڕۆ سێشەممە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی باسی لەوەکردووە، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ رێگریکردن لە هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم دەستیپێکردووە.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لەدەستووری عێراقدا بە دەق هاتووە کە دەبێت هەموو وڵاتان سەروەری خاکی عێراقی بپارێزن، دەشڵێت، "عێراق نابێتە سەرچاوەیەک بۆ هێرشکردن و دروستکردنی مەترسی بۆسەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ، پێویستیشە تورکیا سەروەری خاکی عێراق لە ئەولەوییەتی کارەکانی بێت".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەبۆنەی هەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک، سوپای تورکیا هێرشی ئاسمانی و زەمینی بەردەوامی بۆ سەر ئەو ناوچانە ئەنجامداوە، ئەمەش زیانێکی گیانی و ماددی زۆری بە ژینگە و سروشت و خەڵکی ئەو ناوچانە گەیاندووە.

لەماوەی رابردوودا، لە هێرشێکدا لە چیای مەتینای سەر بە پارێزگای دهۆک پێنج پێشمەرگە شەهیدکران و حەوتی دیکەش برینداربوون، وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمیش پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد و لەبەرامبەریشدا، پەکەکە رەتیکردەوە کە هێرشەکەی ئەنجامدابێت.