کازمی: موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی بەکارهاتووە بۆ مەبەستی هەڵبژاردن

15/06/2021
فۆتۆ: 

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هۆشداریدا لە بەکارهێنانی وەزارەتەکان بۆ مەبەستی هەڵبژاردنەکان و باسی لەوەکرد وەزارەتی کار، لەڕێگەی موچەی چاودێری کۆمەڵایەتییەوە بەکارهێنراوە بۆ مەبەستی هەڵبژاردن.

کازمی لە میانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕایگەیاند، سکاڵا هەیە لە هەندێک لە جومگەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەیە و گومان هەیە لەسەر بەکارهێنانی قوتی خەڵک بۆ مەبەستی هەڵبژاردن، ئەویش لەڕێگەی پشیتوانیکردن لە هەندێک لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەوبارەیەوە هۆشداریدا وتی "بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین چینێکی هەژاری کۆمەڵگە، لەڕێگەی قوتی ڕۆژانەیانەوە بکرێتە مادەیەکی چەور و بەکار بهێنرێت بۆ بەرژەوەندی شەخسی بۆ مەبەستی هەڵبژاردن".

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا کازمی ئاشکرایکرد، بایەخێکی گەورە دەدەن بە دابینکردنی سەبەتەی خۆراک، کە دابەش دەکرێت بەسەر چینی هەژاران و زیاتر لەو بابەتانەی تێدایە کە لە ئێستادا دابەش دەکرێت.

جەختیشیکردەوە کەمکردنەوەی کێشە و گرفتەکانی چینی هەژار و کەمدەرامەت، یەکێک دەبێت لە کارە هەرە لە پێشینەکانی حکومەت و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت قورسایی حکومەت بەکاربهێنرێت بۆ خزمەتی خەڵکی هەژار و کەمدەرات، وەک سەبەتی خۆراک و کۆمەکی دیکە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا بە ناوی وەهیمییەوە کۆمەک وەردەگرێت، شکست و گەندەڵییەکی گەورەی ئیدارییە.