عێراق هەشت وێستگەی ئەتۆمی بنیاتدەنێت

15/06/2021
فۆتۆ: 

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە عێراق ڕایگەیاند، حکومەتى عێراق لە گفتوگۆدایە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕوسی بۆ دروستکردنی چەند کورەیەکی ئەتۆمی بەرهەمهێنانی کارەبا.

 حەسەن لەتیف سەرۆکی دەستەى کۆنترۆڵکردنی  سەرچاوە تیشکدەرەکانی عێراق  بە سپۆتنیکی ڕووسی ڕاگەیاندووە،  گفتوگۆگانیان لەگەڵ کۆمپانیای ڕوسئاتومی ڕوسیادا چەند هەنگاوێکى بڕیوە و وا بڕیارە ئەو کۆمپانیایە چەند وێستگەیەکی ئەتۆمی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق دروستبکات.

ڕاشیگەیاندووە، حکومەتی عێراق پلانی هەیە ٢٥% کارەبای نیشتمانی لەڕێگەى کوڕەی ئەتۆمییەوە بەرهەمبهێنێت و ئەمەش  پێویستى بە هەشت کورەی ئەتۆمییە کە  بە چەند قۆناغێک تا ساڵی ٢٠٣٠ جێبەجێدەکرێت.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت مانگی پێشوو دەستەی عێراقی بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان ئاشکرایکرد، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران بایەخێکی تایبەت دەدات بە دۆسیەی وزە، بە تایبەت لەکۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی لەگەل لێپرسراوە فەرەنسییەکان ئەو بابەتە تاوتوێ کراوە.

ئاماژە بەوەشکرد، لەئێستادا بە فەرمانێکی دیوانی لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی دروستکردنی بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی تایبەت بە بواری توێژینەوە.

بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی کارئاسانی دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی کەلوپەلی پزیشکی و تەندروستی و دەرمانسازی، گەشەپێدانی توێژینەوە جیاجیاکانی بواری کشتوکاڵی و تەندروستی، قەلاچۆکردنی بایۆلۆژیانەی زیندەوەرەکان و چەندین توێژینەوە و بەرهەمی گرنگی دیکەی پیشەسازی.

بۆ پێداویستی توێژینەوە زانستییەکان عێراق پێویستی بە بنیتنانی وێستگەی ئەتۆمی بە هێزی ١٠ مێگاوات هەیە، هەروەها بنیاتنانی نەخۆشخانەیەکی وەبەرهێنانی بواری پزیشکی ئەتۆمی، کە نزیک بێت لە وێستگە ئەتۆمییەکە، بنیاتنانی وێستگەش ٥ ساڵی پێویستە.

تا سەرەتای ساڵی ٢٠٣٠ نزیکەی نیوەی بەرهەمی نەوتی عێراق لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبادا دەسوتێت، ئەگەر هاتوو وێستگەکانی بەرهەمهێنانی توانای ٤٢ و گێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن، لە ساڵی ٢٠٠٣ پێشنیازی بۆ لیژنەی وزەیی پەرلەمان و حکومەت کردووە تا ساڵی ٢٠٠٩ سێ وێستگەی ئەتۆمی بنیات بنرێت، کە دەتوانرا تا ساڵی ٢٠١٩ تەواو بکرێت ، بۆیە ئەگەر ئەگەر ئەو پلانە جێبەجێ بکرایە ئەوە لە ئێستا عێراق هیچ کێشەیەکی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا نەدەبوو، جگە لەوەش بڕێکی زیاتر نەوت هەناردەی دەرەوە دەکرا لەبری ئەوەی بسوتێنریت، بۆیە دۆسیەی ئەتۆمی دۆسیەکی نیسشتیمانییە و بایەخێکی گرنگی هەیە، چونکە سودی دەبێت بۆ نەوەی داهاتوو لە عێراقدا.