بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی هەولێر هەواڵی دەستگیرکردنی سێ ئەندامی پەیەدەی ڕەتکردەوە

15/06/2021
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی ھەولێر هەواڵی دەستگیرکردنی سێ ئەندامی پەیەدەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاندووە، "ئەوان ئاگاداری ھیچ بابەتێکی لەو جۆرەنین ".

ئەحمەد ھۆشیار، بەڕێوەبەری گشتی فرۆکەخانەی ھەولێر بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، ھەواڵەی دەستگیرکردنی ٣ ئەندامی بەڕێوەبەری خۆسەر لە ھەولێر رەتدەکاتەوە ، دەڵێت "ئەوان ئاگاداری ھیچ بابەتێکی لەو جۆرەنین" .

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ بەرپرسانی پەیەدە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایانگەیاند " لە رۆژی ١٠ حوزەیرانەوە ٣ ئەندامیان لەکاتی پێشوازی لە میوان، لە فرۆکەخانەی ھەولێر دەستگیرکراون و تا ئێستا ھیچ ھەواڵێک لە بارەیانەوە نییە".

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی ھەولێر، لەبارەی رێگریکردنیش لەو شاندە نێودەوڵەتییەی کە بە وتەی خۆیان بۆ پاڵپشتی ھەرێمی کوردستان و دژی داگیرکاری تورکیا ھاتبوون، رایگەیاند: ھیچ شاندێکی فەرمی لەو شێوە نەھاتووە و گەر رێگرییەکیش کرابێت سیاسی نەبووە، بەڵکو پەیوەندی بەو مەرج و رێنماییانەوە ھەیە کە لە لایەن سیستمی دەروازە سنووریەکانی عێراقەوە دانراوە و پەیوەندی بە بەڵگەنامەی فەرمی و پاسپۆرت و رێککاری ئیداریەوە ھەیە.