خالید شوانی: ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت

15/06/2021
فۆتۆ: 

خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاند لەگەل حکومەتی فیدراڵی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریدا مانگانە بڕى ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت لە٢٠٢١/١/١ هەژمار بکرێت.

خالید شوانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، خۆشحاڵ بووین دوای رێکەوتن لەسەر یاسای بودجە وپاش هەوڵ و گفتوگۆکانی تیمی دانوسانی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لەپێناو  جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاساکە ، وهەنگاونانی عەمەلی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی پابەندبونە یاساییەکانی ، ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریدا مانگانە بڕى ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت  لە٢٠٢١/١/١  هەژمار بکرێت .

ئاماژەی بەوەشکردووە،  هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەر کردنی کۆی کێشەکان و مایەى خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا خالید شوانی ڕوونیکردووتەوە، هەر لێرەوە دەیانەوێت رایبگەیەنن کە تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی وهەرێم  دەستیان بەووردبینی لە داهاتە نانەوتیە فیدراڵییەکان کردوە لە ماوەیەکی نزیکدا راپۆرتی هاوبەشیان ئامادە دەبێت ،و بەردەوام ئەبن لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی تری یاسای بودجە ، لێرەوە بەگرنگی ئەزانم سوپاسی پشوو درێژی هاوڵاتیانی کوردستان بکەین وهیوادارین ئەم هەنگاوانە ببنە مایەی  سەقامگیری و گەشەی ئابوری وچارەسەر کردنی کێشە ئابووری وداراییەکان   .