لە نەخۆشخانەی هیوا مانگرتن شکێندرا

16/06/2021
فۆتۆ: 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی تایبەت بە شێرپەنجە دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو رۆژی دژی خەرجنەکردنی موچەکانیان بۆ ماوەی شەش مانگ مانیان لەکارەکانیانگرت، ئەمڕۆ چوونەوە سەرکارەکانیان و دەشڵێن، "لەپێناو سەلامەتی نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا دەچنەوە سەر کارەکانیان".

رۆژی ١٤ی ئەم مانگە، پزشیک و کارمەندانی نەخۆشخایەنی نەخۆشخانەی هیوا مانیان لەکارەکانیانگرت و ئاماژەیان بەوەکرد، "ماوەی شەش مانگە موچەیان وەرنەگرتووە  و بەبەردەوامیش کاریانکردووە و بەدەم چارەسەرکردنی نەخۆشەکانەوە رۆشتوون، بەڵام چیتر ناتوانن بەو شێوەیە دەوام بکەن ".

هاوکات، ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشان و چارەسەروەرگرانی نەخۆشخانەی هیوا لەکاتێکدا کە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردبوو، بەڵام بەهۆی مانگرتنی پزیشک و کارمەندانەوە لەبەردەم نەخۆشخانەکەدا گردبوونەوە و داوای دەستبەجێ چارەسەرکردنی داواکاریی کارمەندان و پزیشکان جێبەجێبکرێت و دەشڵێن، "داواکاریی پزیشک و کارمەندان رەوایە و شەش مانگە بەبێ وەرگرتنی موچەکانیان چارەسەری ئێمە دەکەن ".

یەکێکی دیکەش لە نەخۆشەکان ئاماژەی بەوەکردووە، "حکومەت بەرپرسە لە دابینکردنی موچە  بۆ پزیشک و کارمەندان، ئەگەر حکومەت ناتوانێت موچە بدات با نەخۆشخانەکە دابخات و ئێمەش بەبێ چارەسەر سەربنێینەوە ".

پزیشکێکی مانگرتووش دەڵێت، شەش مانگە بەردەوامین لە چارەسەرکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە و هیچ موچەیەکمان وەرنەگرتووە، لە ئازاری ئەوان تێدەگەن بەڵام چیتر ناتوانن بەبێ موچە بەردەوامبن.