سلێمانی: ئەو کەسەی ژنێکی کوشت و لاشەکەی بەڕووتی فڕێدا دەستگیرکرا

16/06/2021
فۆتۆ: 

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی راگەیاند، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە مانگی رابردوو هەستا بە کوشتنی ژنێک و دواتریش فڕێدانی جەستەکەی بە ڕووتی لە گۆڕستانی سەیوانی شاری سلێمانی و دەشڵێت، "دانی بە تاوانەکەیدا ناوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرکەوت ئەحمەد  وتەبێژی گشتیی پۆلیسی سلێمانی بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان باسی لەوەکرد، "ئەو كەسەی شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ی مانگی ئایاری ئەمساڵ لە گۆڕستانی سەیوان ژنێكی كوشت، پاشان تەرمەکەی بەڕووتی بەجێهێشت لەلایەن پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیركرا ."

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، لەئێستادا نایانەوێت زانیاری زیاتر بخەنەڕوو لەسەر ئەو رووداوە تا ئەوکاتەی کە دادوەر بڕیاری کۆتایی دەدات لەسەر کەیسەکە.

هاوکات، لە راگەیەندراوێکیشدا پۆلیسی سلیمانی باسی لەوەکرد، تۆمەتبار (ب، ب، ح لەدایکبووی ١٩٩٧) لەبەردەم بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە بەردەوامە.

کۆتایی مانگی رابردوو، ژنێک لەلایەن کەسێکەوە کوژرا و دواتریش تەرمەکەی بەڕووتی لە گۆڕستانی سەیوانی شاری سلێمانی فڕێدرا.