قوباد تاڵەبانى بۆ ژیان: لە ماوەیەکى نزیکدا بەغدا پارەکە بۆ هەرێم دەنێرێت

16/06/2021
فۆتۆ: 

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیارەکەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بۆ ناردنى بڕى ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان، بەگرنگ وەسف دەکات و دەشڵێت: لە ماوەیەکى نزیکدا بەغدا پارەکە بۆ هەرێم دەنێرێت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە تۆڕى هەواڵى ژیانى رایگەیاند، بڕیارەکەى ئەنجومەنى وەزیران بۆ ناردنى بڕى ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان، باشبووە.

وتیشى، لە ماوەیەکى نزیکدا پشتیوان بەخوا بڕیارەکە دەچیتە بوارى جێبەجیکردنەوە و بەغدا پارەکە بۆ هەرێم دەنێرێت.

ئەوەش دواى ئەوەدێت، خالید شوانى وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى دانوستان لەگەڵ بەغدا کە ئەندامی شاندی دانوستانکاری هەرێمیشە رایگەیاند، ئەنجومەنى وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە بڕى ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، بەڵام تائێستا پشکى هەرێم نەنیردراوە و بەرپرسانى هەردوولاش یەکترى بەجێبەجینەکردنى ڕێککەوتنەکەى نێوانیان تۆمەتبار دەکەن.

پشکى هەرێم لە بوجەى عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان.

هاوکات، لە میانى بەشداریکردنى لە پێشانگاى نێودەوڵەتى تەکنۆلۆژى هایتێکس لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەواڵێکی خۆشم پێیە، کە ٤٧٥ هەزار ژمارەی بێهاوتای کەسی بەسەر موچەخۆراندا دابەشدەکەین و ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ رێکخستنەوەی میلاک، بۆ باشتر خزمەتکردنی موچەخۆران و بە سەرەتایەک بۆ بە ئەلکترۆنیکردنی حکومەت.

وتیشى، بایۆمەتری هەنگاوی یەکەمە بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەران، بایۆمەتری کۆتایی بە کێشەی ژمارەی بێهاوتا کێشەی دوو ناوی و سێ ناوی، بندیوار و سەر دیوار ناهێڵێت.

دەشڵێت: بە ئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت کاری لە پێشینەمان دەبێت، دەمانەوێت شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان باشتر بکەین و بیگۆڕین، بەغدا بە ناردنی بڕە پارەی مووچەی فەرمانبەران بڕیارێکی درووستیدا.