بەهای دۆلار بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دابەزی

16/06/2021
فۆتۆ: 

بەهای دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر دینارى عێراقى بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دابەزی، وتەبێژى بازاڕى دۆلارەکەش دەڵێت: دابەزینى بەهاى دۆلار کاریگەرى لەسەر دابەزینى نرخى شتومەک دەبێت لە بازاڕدا.

جەبار گۆران، وتەبیژى بازاڕى دۆلارەکەى شارى سلێمانى بە تۆڕى هەواڵى ژیانى ڕاگەیاند، ئەمڕۆ نرخى دۆلار بە 148 هەزار و 800 دینار مامەڵەى پێوەکراوە و خستنەڕووش بە 148 هەزار و  900 دینار بووە.

وتیشى، هۆکارى ناجێگیرى نرخى دۆلار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بانکى ناوەندى تا ئاستێک خواستى بازاڕەکانى پڕنەدەکردەوە بەڵام لە ئێستادا ئاستى خستنەڕووى زیادکردووە و ئەوەش وایکردوە کە نرخى دۆلار دابەزێت. 

دەشڵێت: پیدەچێت بەهاى دۆلار بەرامبەر دینار زیاتر دابەزێت و ئەوەش کاریگەرى لەسەر دابەزینى نرخى شتومەک دەبێت لە بازاڕدا.

ئەوەش دوایى ئەوە دێت، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا بەهاى دۆلار لەبەرامبەر دینار بەرزترین ئاستى لە 16 ساڵى ڕابردوودا تۆمار کرد، بە جۆرێک نرخى 100 دۆلار گەیشتە 151 هەزار دینار.