لیژنەی دارایی: نابێت هیچ لێکدانەوەیەکی جیاواز بکرێت بۆ چۆنێتی خەرجکردنی پشکی هەرێم

16/06/2021
فۆتۆ: 

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق داوای لە ئەنجومەنی وەزیران کرد پابەندی یاسای بودجەی فیدراڵی بێت لەو بەشەی کە تایبەت بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

لیژنەی دارایی لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، یاسای بودجەی سالی ٢٠٢١ هیچ لێکدانەوەیەکی جیاواز هەڵناگرێت سەبارەت بە چۆنێتی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، یاسای بودجە ی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١، قابیلی لێکدانەوە و موجامەلە نییە و پابەندبوونەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دیاریکردووە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆباڵی هەر پێشێلکارییەک لە دەقی یاسای بودجەدا دەخرێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی پێشێلی دەکەن و دەبێت بەرپرسیارێتی یاسایی لە ئەستۆ بگرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رەزامەندی نیشاندا لەسەر ناردنی بری ٢٠٠ ملیار دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی و بڕیاریشە بۆ هەموو ئەو مانگانەی پێشوو بڕی یەک تریلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.

ئەو بڕیاڕەش بووەتە هۆی دەربڕینی نارەزایی لە لایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان.