تورکیا زیانی شه‌ش ملیار دۆلاری بەهەرێم گەیاندووە

16/06/2021
فۆتۆ: 

لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناو خاکی هەرێم‌ و بۆردومانی ئاسمانیی بەردەوام بۆسەر گوندە سنوورییەکان‌و بڕینەوەی داری ناوچە کشتوکاڵییەکان بەپاساوی ڕاوەدونانی په‌كه‌كه‌، زیانی شه‌ش ملیار دۆلاری بەعێراق گەیاندووە .

تەلەفزیۆنی حکومیی عێراقییە ڕاپۆرتێکى لەسەر زیانی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تێدا هاتووە،  ، هێرشە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا لەچوارچێوەی ئەو ململانێ چەکدارییەی لەگەڵ چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان هەیە هەیەتی، زیانی شه‌ش ملیار دۆلاری بەئابووری هەرێم و عێراق گەیاندووە، ئەویش بەهۆی ئاوارەبوونی دانیشتووان ‌و بوونی هەڕەشە لەسەر ماڵ‌ و موڵک‌ و بڕینەوە‌ و سوتاندنی زەوییە کشتووکاڵییەکان کە بۆتە بەشێک لەگۆڕەپانی جەنگەکە .


باس لەوەشکراوە، لەئەنجامی دوایین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکی بۆسەر هەرێمی کوردستان، زیاتر لە300خێزانی گوندەکانی قەزای ئامێدی بەرەو شاری زاخۆ ئاوارەبوون، لەبەرئەوەی بەهۆی هەڵکشانی ئاستی توندوتیژییەکان‌ و بۆردومانی توندی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە مەترسیی لەسەر ژیانیان دروستبووە .


لەکۆتاییدا ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنە عێراقییەکەدا هاتووە، "سوپای تورکیا نزیکەی 20 کیلۆمەتر کێڵگە و بێستانەکانی گوندەکانی قەزای ئامێدیان وێرانکردوە و خەڵکەکەش بۆ دەستکەوتنی پەناگەیەکی ئارام، بەناچاری ماڵ‌و حاڵی خۆیان جێهێشتووە ".

ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی چەند مانگێگە تورکیا هێرشێکى فراوانی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکان پەکەکە لە چیاکانی کوردستان و بەو هۆیەوە هەزاران هاوڵاتی هەرێم زیانیان بەرکەوتووە.