زانیاری زمان

17/06/2021
فۆتۆ: 

وەرگێڕانی: ئاگا ئیسماعیل کاتێک دوو کەس یان زیاتر بەیکەوە قسە دەکەن، دەتوانین بە سیستەمێک ناوی بنێین کە شفرە (کۆد) بەکار دەهێنن. هەروەها پێویستە تێبینی فرەزمانان بکەین – واتا ئەو ئاخێوەرانەی کە بە دوو زمان یان زیاتر قسە دەکەن – و بە هەر هۆکارێک بێت دەتوانن ئاخاوتنیان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر بگۆڕن دەستیان بە دوو شفرە یان زیاتر بگات، یان هاتووچۆ لە نێوان زمانەکانیاندا لە فۆڕمێکی مەڵتیلینگوال دیسکۆرسدا بکەن، ئەوانیش سیستەمێکی زمانەوانی بەکار دەهێنن، بەڵام سیستەمێک کە کار لەسەر زیاتر لە زمانێک دەکات. خودی سیستەمەکە (یان ڕێزمان – گرامەر: کە زاراوەیەکی تەکنیکی بەربڵاوییەتی) شتێکە کە هەموو ئاخێوەرێک دەیزانێت، بەڵام دوو ئاریشەی زۆر گرنگ بۆ زمانەوانان هەن کە بریتین لە (١) ئەو زانیارییە چی لە خۆ دەگرێت و (٢) ئێمە چۆن بە باشترین شێوە بیناسێنین.

بە کرداری، زمانەوانان هەرگیز نووسینی ڕێزمان بە ئاسانی نابینن چونکە فرۆزەکردنی ئەو زانیارییەی کە خەڵک دەربارەی ئەو زمانەی قسەی پێدەکەن هەیانە زۆر قورس و گرانە. هەر کەسێک کە زمانێک دەزانێت زۆر زیاتر دەربارەی ئەو زمانە دەزانێت کە هەر لە پەرتوکێکی ڕێزماندا هەوڵدراوە فرۆزە بکرێت. یەکێک لە ئاریشەکان لێرەدا بریتییە لەوەی کە زۆربەی پەرتووکە ڕێزمانییەکان وەکو بەرهەمێکی ڕێنیشاندەر (پریسکریپتڤ) نووسراون کە بە خەڵک بڵێن پێویستە زمان چۆن بەکار بهێندریت؛ لەبەر ئەوە، هەوڵدەدەن زمانێکی ستاندارد فرۆزە بکەن و ‘پێویستە’ چۆن بئاخێوترێت. ئەوەی کە سۆسیۆلینگویستیکس و مۆرڤناسە زمانەوانییەکان هەوڵی بۆ دەدەن بریتییە لە ڕێزمانێکی دیسکریپتڤ – زمان چۆن بەکاردەبرێت، بەبێ پێدانی یاسا کە چۆن پێویست بەکاربهێندرێت -ی زمانەکان کە چۆنیەتی قسەکردنی خەڵک بە زمانەکانیان فرۆزە دەکەن، شی و ڕونی دەکەنەوە.

دەتوانین سەرنج بدەیەنە نموونەیەک بۆ ئەم جیاوازییە لە جیاکەرەوەی وشەکانی (less/fewer ). بەشێوەیەکی ڕێنیشاندەری – پریسکریپتڤی پێویستە (less ) لەگەڵ ناوی نە ژمێردراو بەکار بهێندرێت، وەکو (ئاو – Water )، (برنج – Rice )، یان (پارە – Money )؛ بەڵام (fewer ) لەگەڵ ناوی ژمێردراودا بەکاردێت (یان لەگەڵ دەستەواژەی ناوی) وەکو (دڵۆپەکانی ئاو – drops of water )، (دەنکەکانی برنج – grains of rice ) یان (پەیسۆوەکان – pesos – پەیسۆو: یەکەیەکی ژمێردراوی دراوە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین). بە شێوەیەکی دیسکریپتڤی، ئەم جیاکارییە هەمیشە بەم شێوەیە نییە کە (less ) لەگەڵ ناوی نەژمێردراودا بەکار نایەت. تێبینیکراوترین نموونە بریتییە لە نیشانە باوەکە لە کۆگای میوەفرۆشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە چەند هێڵێکی کاشێری دیاریدەکەن بۆ کڕیارە هەمیشەییەکانیان کە ١٠ ماددە یان کەمتر دەکڕن (ten items or less ). هەروەها لەوانیە گوێبیست ببیت کە خەڵکی هەندێک شتی وەکو (there were less students present today than yesterday ) دەڵێن. بێگومان هەرچەندە دەکرێت هەندێک دیالیکتی زمانی ئینگلیزی هەبن کە هێشتا ئەم جیاکارییە بە شێوەیەکی گشتی بەکاردەبەن.

سەرەرای ئەوەی کە زمانەوانان ئاگاداری یاسا پریسکریپتڤییەکانی زمانن کە لە سەرچەوە ڕێزمانییەکاندا نووسراون، بەڵام سەرنجی زمانەوانان یاسا پریسکریپتڤییەکان نین لێ ئەو یاسایانەن کە لە بیری ئاخێوەراندایە کە زانیاری چۆنیەتی قسەکردن بە زمانەکە دادەمەزرێنن. ئەو زانیاریەی کە خەڵک دەربارەی زمانەکە یان زمانەکان هەیانە، زانیارییەکە کە هەموو ئاخێوەرێکی زمان هەیەتی و جۆرێکە لە زانیارییەکی هاوبەش. ئەم زانیارییە هاوبەشەیە کە دەبێتە بیرۆکەیەکی گشتی زمان، کە زۆربەی جارەکان وەکو شتێک دەبیندرێت کە سەربەخۆیی ئاخێوەرانی هەمەجۆرییەکی تایبەت بەرهەم دەهێنێت.

ئەمڕۆ، زۆرینەی زمانەوانان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەو زانیارییەی ئاخێوەرانی زمانەکان هەیانە زانیاری شتێکی تەواو واتاگەرییە یان [زانیاری بیرۆکەیەکی تەواو گشتییە]. ئەمە زانیارییەکی یاسا و ڕێسای بنچینەییە کە ڕێگەمان دەدات دەربڕینی نوێ بهێنینە ئاراوە. بریتییە لە زانینی ئەوەی چ بەشی زمانە و چیش نییە، بریتییە لە زانینی ئەوەی چ شتێک ئاساییە بگوترێت و چ شتێکیش ئاسایی نییە بگوترێت. پەیوەندی کردن لە ناو ئەو خەڵکەی بە هەمان زمان دەدوێن ئاساییە چونکە زانیارییەکی وەها هاوبەشی پێدەکەن، هەرچەندە بە تەواوی لە چۆنیەتی هاوبەشی پێکردنی و لێکوەرگرتنی ناگەین. تاکەکان دەستیان پێ دەگات و هەمیشە دەریدەخەن کە ئەمە بە بەکارهێنانێکی گونجاو دەکەن. هەر وەکو دەیبینین، مەودایەکی فران لە کارامەییەکان و چالاکییەکان هاوپۆل کراون لە ژیر ئەم چەپکی “بەکارهێنانی گونجاو”ە.

سەرچاوە: An Introduction to Sociolinguistics, 7th Edition

Ronald Wardhaugh, Janet M. Fuller