پاکستان: ڕێگە بە ئەمریکا نادەین خاکی ئێمە بۆ هێرشکردنە سەر ئەفغانستان بەکار بهێنێت
عیمران خان سەرۆک وەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەک ڕێگە نادات خاکەکەی بەکاربهێنرێت لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، بۆ ئەرکی دژایەتیکردنی تیرۆر لە ناوخۆیی ئەفغانستان.
لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا عیمران خان وتی "پاکستان بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، لە خاکی ئێمەوە ئۆپراسیۆن لە دژی تیرۆر لە دەرەوەی سنورەکانی ئەنجام بدات، دوای ئەوەی ئەمریکا لە ناوخۆیی ئەفغانستان دەکشێتەوە".
سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوەشکرد، توانای دژایەتیکردنی تیرۆر و کاری هەواڵگری لە ئەفغانستان دەبێتە پرسیارێکی گرنگ، کە ڕووبەڕووی ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەبێتەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوخۆیی ئەو وڵاتە.
عیمران خان ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ جێگرەوەی کارە هەواڵگرییەکان، ئیدارەی بایدن دەیەوێت ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست بەکار بهێنێت، بۆ پارێزگاریکردن بۆ بەدەستهێنانی زانیارییە هەواڵگرییەکان لە ناوخۆیی ئەفغانستان، بەڵام ئەوەش ئەرکێکی قورس دەبێت، چونکە وڵاتانی ئاسیا کەوتوونەتە بازنەی هەژموونی ڕوسیاوە.
ئەو وتانەی سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە کاتێکدایە، پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەدان هێرشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوخۆیی پاکستان ئەنجامداوە بۆ ناوخۆیی ئەفغانستان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ولیام بێرنز بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، لە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ پاکستان لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە کۆبۆوە، بێئەوەی چاوی بە عیمران خان سەرۆک وەزیرانی پاکستان بکەوێت.
|