مەڕاسیمی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سیاسی نێوان یەكێتی و گۆڕان

20/06/2021
فۆتۆ: 

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی وسەرکردایەتی یەکێتی و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و کادێرانی پێشکەوتوویی هەردوولا، مەراسیمی واژۆکردنی رێککەوتنامەی سیاسی نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆران بەڕێوەچوو، بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا.

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆراندا، گەیشتە رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک بە ناوی هاوپەیمانێتی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت.

ئاماژەی بەوەکرد، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و عێراق، بە پێویستیان زانی کە هەموو حزبەکانی کوردستان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لە بەرەیەکدا کۆببنەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا.

ڕێکخەری گشتی گۆڕان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆران، بەشێکە لە خەباتی گەلی کوردستان، بۆ داکۆیکردن و زامنکردنی مافە دەستوریی و سیاسییەکانی کورد لە چوار چێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵدا.

عومەری سەید عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانی کوردستان بەرهەمی بڕوای سیاسیمانە بۆ کاری پێکەوەیی و یەکخستنی توانای سیاسی و جەماوەریی و میدیایی، بە ئامانجی سەرخستنی کاندیدەکانیان لەم هەڵبژاردنەدا.

دواتر لە مەراسیمەکەدا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند،ئەم ڕێککەوتنە بۆ دژایەتی هیچ لایەنێک نییە و بۆ یەکڕیزی گەلەکەمانە.

بەڵێنی ئەوەشیدا کە یە هیچ شێوەیەک جارێکی تر خوشک و براکانیان لە بزوتنەوەی گۆڕان جێناهێڵن، حەزیدەکەش دەکەن ئەم ڕێککەوتنە تەنها بۆ ئەم هەڵبژاردنە نەبێت، بەڵکو ئەوان هەر بەیەکەوە بن لە پێناو کوردستاندا.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم یەکەمین هەنگاوە بۆ هێنانەدی خەونەکانی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، دەبێت ئەم یەکڕیزییە یەکەمین هەنگاو بێت بۆ سلێمانییەکی باشتر و کوردستان و عێراقێکی باشتر.

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند "هیوادارین ئەم هاوپەیمانەتییە ببێتە چەتری راستەقینەی کۆکەرەوەی کورد".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ بەشێکە لەو بەڵێنەی خۆیان کە هەم ئێمە و هەم بزوتنەوەی گۆڕان داویان بە میللەتی خۆیان، هەروەها ئەمڕۆ بەشێوەیەکی کرداری میللەتی خۆیان یەکڕیزکردووە و قازانجەکەشی قازانجیکی گشتییە.

لاهور شیخ جەنگی جەختیشیکردەوە، هیوادارن ئەمساڵ ساڵی بەرەکەت بیت بۆ ئەم ناوچەیە و ساڵی ئارامی  و هەنگاو نان بێت بەرەو پێشەوە.

باسی لەوەشکرد، ئەم هاوپەیمانێتییە درێژکراوەی بەڵێنی هەڤالان مام جەلال و نەوشیروان مستەفایە کە لەڕۆژی ١٧/٥/٢٠١٦ کە لە دەباشان بە یەکیاندا، بەڵام بە داخەوە بەهۆی دەستوەردانی ناتەندروستەوە نەیانتوانی ئەو هاوپەیمانێتییە بگەیەننە جێ.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا لاهور شێخ جەنگی جەختیکردەوە، ئەوان لە پێناو میللەتدا سیاسەت دەکەن، بۆیە پێکەوە بەهێزترن بە تایبەت کە لە ناوچەیەکدان بە ئاگر و ئاسن تەنراوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، بەو هیوایەی ئەم هاوپەیمانێیتە لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ببێتە چەتری کۆکەرەوەی کورد و نموونەیەکی سەرەکەوتوو بێت، بۆ ئەوەی چاویان لێبکرێت.