ئەمریکا: پارێزگاری لە مانەوەی خۆمان دەکەن لە ناوخۆیی سوریا

26/06/2021
فۆتۆ: 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختیکردەوە، واشنتۆن پارێزگاری لە مانەوەی خۆی دەکات لە ناوخۆیی سوریا لە ڕوی سەربازییەوە، بە ئامانجی دژایەتی کردنی ڕێکخراوی داعش.

جۆوی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نیازە بەرگری لە بوون و مانەوەی خۆی بکات لە ناوچەکانی باکوری سوریا لەڕووی سەربازییەوە، ئامانج لەو کارەش دژایەتیکردنی ڕێکخراوی داعشە لەو ناوچانە.

هۆود ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئەرکەش بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) بە ئەنجام دەگەیەنن، بە مەبەستی چەسپاندنی ئارامی لە ناوچە ئازادکراوەکانی سوریا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختیکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەنها نایەوێت داعش لەناوبەرێت، بەڵکو دەیەوێت چارەسەری دۆخی ناهەمواری مرۆیی سوریاش بکات.

ڕوونیشیکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لە واشنتۆن، پێیان وایە دەتوانن لەگەڵ روسیا هەماهەنگی بکەن، بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی لە ناوخۆیی سوریادا.

دەربارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و وڵاتەکەشی هۆود وتی "ئێمە دوودڵین لە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هاوبەشە کوردەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەمانەوێت دڵنیابیینەوە لەوەی تورکیا لە نییەتی ئێمە تێدەگات".

لە دوای ڕزگارکردنی زۆربەی ناوچەکانی باکوری سوریا لە دەستی داعش، لە ئێستادا پارێزگاکانی حەسەکە و دیرەزور و ڕەقە و زۆربەی ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە دەوڵەمەندن بە نەوت، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتیدایە، کە لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکرێت.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر پلانی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەناوخۆیی سوریا، بەڵام دەواتر لەژێر فشاری بەشێکی زۆری لێپرسراوانی ئیدارەکەی ڕەزامەندبوو لەسەر هێشتنەوەی ٩٠٠ سەرباز، بە مەبەستی هێشتنەوەی دڵنیایی کۆنترۆڵی ئەمریکا لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی سوریا، کە بە گوتەی حکومەتی سوریا بەشێکی زۆری بە قاچاغ لە لایەن ئەمریکاوە دەبرێتە دەرەوە.