پۆلیسی سلێمانی: ئەو تۆمەتبارەمان دەستگیرکرد کە لە شاخی گۆیژە ئاگری کردبۆوە

26/06/2021
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیر کرد، کە دوێنی لە شاخی گۆیژە ئاگری کردبۆوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی تۆمەتبارێك لەشاخی گۆیژە ئاگر دەکاتەوەو دواتر شوێنەکە بەجێدەھێڵێت، پاشان لەلایەن چەند هاوڵاتییەكی بەڕێزەوە ئاگرەکە کوژێنرابوەوەو ڕێگریی لە تەشەنەسەندنی کرابوو، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بەش و بنکەکانی سەر بە پۆلیسی سلێمانی ڕاسپارد کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی بەپەلە ئەنجامبدەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەری تاوانەکە .

 ئاماژە بەوەشکراوە، پاش لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانیاریی و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا شەوی ڕابردوو تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا .

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکە روونکراوەتەوە، لەئێستادا تۆمەتبار (ی ، ق ،م ) لە دایكبوی 1999 بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 342 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە .