تورکیا: لە سەرەتای مانگی داهاتوو کۆتوبەندەکانی کۆرۆنا هەڵدەگرێت
وەزارەتی ناوخۆیی تورکیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی تەموزی داهاتوەوە، ئەوکۆتوبەندانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سەپێنرابوون، هەڵدەگیرێن.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی ناوخۆیی تورکیا بڵاویکردەوە، هەموو شوێنی کار و هۆڵەکانی سینەما دەستبەچالاکییەکانی خۆیان دەکەنەوە، هاوکات ئەو قەدەغەیەش هەڵدەگیرێت کە لەسەر خۆراک خواردن لە ناو چێشتخانەکان و شوێنە گشتییەکاندا پەیڕەو کرابوو، بەو مەرجەی پابەندی هەبێت بە بنەمانی پاکوخاوێنی و دەمامک پۆشین و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی.
هەر لە بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆیی تورکیادا ئاماژە بەوەشکراوە، مەرجەکانی پابەندبوونی تەندروستی زۆرەملێ و کەرەنتین کۆتایی دێت، کە سەپێنرابوو بەسەر ئەو کەسانەی کە لە وڵاتەکانی بەنگلادش و بەرازیل و باشوری ئەفریقا و هیندستان و نیپاڵ سیرلانکاوە دەهاتە ناوخۆیی تورکیاوە.
بە هەمان شێوە وەزارەتی ناوخۆیی تورکیا ڕایگەیاند، ڕێوشوێنەکانی پابەندبوونی تەندروستی زۆرە ملێ و کەرەتینە کردن کەمدەکرێتەوە بۆ ١٠ ڕۆژ، بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە وڵاتەکانی ئەفغانستان و پاکستانەوە دێنە ناوخۆیی تورکیاوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەوەتەی کۆرۆنا لە تورکیا بڵاوبووەتەوە، تا ئێستا ٥ ملیۆن و ٤١ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٤٩ هەزار و ٥٧٦ کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لە دەستداوە.
|