ژەنەڕاڵێکی ئەمریکا: ئاسایشی ئەفغانستان بەرەو هەرەسهێنان دەڕوات
ژەنەڕاڵ ئۆستن میلەر فەرماندەی هاوپەیمانی ناتۆ لە ئەفغانستان ڕایگەیاند، دۆخی ناوخۆیی ئەو وڵاتە بەرەو هەرەسهێنان دەڕوات و، لەدەستدانی بەشێکی زۆری وڵاتەکە لە بەرژەوەندیی تالیبان شتێکە جێگەی دوودڵییە.
ئەو فەرماندە ئەمریکییە لە هاوپەیمانی ناتۆ ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری جیاجیا هەیە بۆ ئەو هەرەسهینانە، لەوانە هیلاکی هێزەکانی حکومەت و ڕازی بوون بە تێکشکانی دەروونی و تێکشکانی سەربازیی.
ئۆستن هۆشداریشی دا لەوەی زیادبوونی توندوتیژییەکان وڵاتەکە بەرە و مەترسی ڕاستەقینە و جەنگی ناوخۆ دەبات.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئەو فەرماندەیە ئەمریکییە ڕوونیکردەوە، پێویستە بایەخ بدرێت بە هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان و دروستکردنی ناوچەی ستراتیژی و پاراستنی، چونکە لەدەستدانی ناوچەکان لە بەرژەوەندی تالیبان، بە واتای بڕینی رێگای هاتوچۆیە و ئەوەش دەبێتە هەڕەشە لەسەر پایتەختی هەرێمەکان.
جەختیشیکردەوە هێزەکانی ناتۆ هێز و چەکی ئەوتۆی لەبەردەستدایە، بتوانێت هاوکاریی هێزە سەربازییەکانی ئەفغانستان بکات، ئەو هۆشداریەی فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ لە ئەفغانستان لە کاتێکدایە، لە ماوەی ئەم مانگە هێزەکانی بزوتنەوەی تالیبان لە چەندین ناوچەی باکوری ئەو وڵاتە پێشڕەوی بەرچاویان کردووە و بەشێکی زۆری هەرێمەکانیان کۆنترۆڵکردووەتەوە، بە تایبەت دوای بڕیاری کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوخۆیی ئەو وڵاتە.
|