ئاگر لە بنکەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران کەوتەوە

02/07/2020
ئاگر لە بنکەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران کەوتەوە
فۆتۆ: گوگڵ
تاران

ئاگر لە بنکەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران کەوتەوە و تا ئێستاش هۆکاری رووداوەکە ئاشکرانەکراوە.

میدیاکانی ئێران لە زاری بێهروز کەمالوەندی وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ی٧ی٢٠٢٠، کێشە بۆ بەشێکی بنکەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهان دروستبووە و تا ئێستاش هۆکاری رووداوەکە نەزانراوە.

ئاماژە بەوەشکرد، رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە و هیچ زیانێکیشی بە چالاکییەکانی بنکەکە نەگەیاندووە.

ئەگەرچی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە کە داوا لە خەڵکی پارێزگای ئەسفەهان کراوە، بەهۆی پیسبوونی کەشوهەوا لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بەڵام وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و لە ئێستادا شارەزایانی ئەتۆمی ئێران لە شوێنی رووداوەکەن و لێکۆڵینەوە لە هۆکار و چۆنیەتی رووداوەکە دەکەن.

هاوکات رەمەزانعەلی فێردەوسی قایمقامی نەتەنز بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی راگەیاندووە، دوابەدوای رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە چوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستبەجێ ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە.

تا ئێستا بەرپرسانی ئێران زانیاری وردیان سەبارەت بە هۆکار و چۆنیەتی رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە.

بنکەی پیتاندنی یۆرۆانیۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهان بە پانتایی ١٠٠ هەزار مەتر چوارگۆشە و بەقوڵی هەشت متر لەسەر زەوی دروستکراوە،  سەرەکیترین بنکەی ئەتۆمی ئێرانە و بەردەوام لەژێر چاودێری رێکخراوی ئەتۆمی ئەو وڵاتەدایە.