لێپرسراوی لیوای هەڵبژاردەی سوپای ئیسرائیل گیانی لەدەستدا

01/07/2021
فۆتۆ: 

سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فەرماندەی لیوای هەڵبژاردەی سوپای ئیسرائیل لە چالاکییەکی جەستەییدا گیانی لەدەستدا، کە تەنها دوو ڕۆژە ئەو پۆستە باڵایەی وەرگرتووە.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە کاتی ئەنجامدانی چالاکی جەستەییدا (شارۆن ئاسمان) فەرماندەی لیوای هەڵبژاردە ناسراو بە (ناحال) لە یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی سوپا گیانی لە دەستداوە.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمە پزیشکییەکان چەندین هەوڵی بێووچانیاندا بۆ بەهۆشهێناوەی ئەو فەرماندە باڵایەی سوپا، بەڵام لە کۆتاییدا گیانی سپاردووە و هەموو هەوڵەکان بە فیڕۆچوون.

لیوای پیادەی هەڵبژاردەی ئیسرائیل، ناسراو بە ناحال، یەکێکە لە لیوا سەربازییە تایبەتەکانی سوپای ئەو وڵاتە و لە ساڵی ١٩٨٢ وە پێکهێنراوە.

ئەرکی سەرەکی وەڵامدانەوەی خێرایە بۆ دابینکردنی هەر پێداویستییەکانی سوپای ئیسرائیل، بە تایبەت لە کاتی جەنگی لوبناندا، ئەندامانی ئەو هێزە پێشتر لە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بوون کە لەڕێگەی فڕۆکەوە گوێزراونەتەوە .

بەشداری کردووە لە جەنگی لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢ و ٢٠٠٦، ڕاپەرێنی یەکەمی فەلەستینییەکان و جەنگی غەزە لە ساڵی ٢٠١٤.